Accessibility links

هێزەکانی پـێشـمەرگە چەند گوندێـکی باشوری کەرکوک لە داعش ڕزگاردەکەن


هێزەکانی پـێشمەرگە لە باشوری کەرکوک و ڕۆژئاوای شـارۆچکەی داقوق دەسـتیانکردووە بە هێرشێـکی فراوان بۆ سەر داعش و هەتا ئێسـتا توانیویانە ژمارەیەک گوند ڕزگاربکەن.

ڕۆژی چوارشەممە و لە پاش سێ ڕۆژ لە بۆردومانی چڕی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنەکانی داعش لە نزیک داقوقەوە، هێزەکانی پـێشمەرگە و دژە تێرۆر پـێشـڕەویـیان کردووە.

دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کەرکوک کە بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵی شەڕەکان گەیشتووەتە ناوچەکە، دەڵێت هەر لەگەڵ دەسـتپـێـکردنی شەڕەکە چەکدارەکانی داعش لە گوندی ئەلبو نەجم پاشەکشەیان کردووە و هێزەکانی پـێشمەرگە گوندەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

دەشڵێت داعش بۆمبی چێنراوی ئێجگار زۆری لە ناوچەکە چاندووە. هەرچەندە تیمی تایبەتی پـێشـمەرگە ژمارەیەکی زۆری ئەو بۆمبانەی پـوچەڵکردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بۆمبێـک بە هێزەکانی پـێشـمەرگە تەقیونەتەوە.

پاشان دەڵێت هێزەکانی پـێشـمەرگە لە درێژەی پـێشڕەویـیەکەیاندا گەیشتوونەتە گوندی تەل بەسەل، بەڵام لەوێ چەند چەکدارێـکی داعش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و لە پاش ماوەیەکی کورت کۆتایی‌یان پـێهێناون و گوندەکەیان کۆنترۆڵکردووە. دەشڵێت جگە لەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون، چەکدارێـکی داعشیش دەسـتگیرکراوە.

زیانەکانی پـێشـمەرگەش 5 پـێشـمەرگە گیانی لەدەسـتداوە و زیاتر لە 10 پـێشـمەرگەی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG