Accessibility links

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم

  • Balen Salih

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا:قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم

پێنج لایه‌نه‌ سیاسیه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی له‌ هه‌رێمه‌که‌دا هه‌یه‌. هیچ ئه‌نجامێک دیار نییه‌.

لە شەوی سێ شەممەوە، تا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بەردەوام بووبە بەشداری جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کاربەدەستانی بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەلێ لە کۆبوونەوەکەدا هیچ ئەنجامێک نەبوو وە وەک دەگوترێت تا ڕۆژی یەکشەممەش ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن.

دکتۆر ڕێبوار که‌ریم مه‌حمود

دکتۆر ڕێبوار که‌ریم مه‌حمود

په‌رله‌مانی هه‌رێم نه‌یتوانی کۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بکات به‌هۆی ئاماده‌ نه‌بوونی ژماره‌ی پێویستی یاسایی بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، پسپۆڕی زانستە سیاستەکان لە زانکۆی سلێمانی

بۆچی ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی یه‌کگرتووی ئیسلامی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی په‌رله‌مان نه‌بوون؟ ئایا ئیتر په‌رله‌مان ناتوانێت خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بکات؟

گه‌ڕی سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمیش ئه‌مڕۆژی 5شه‌ممه‌یه‌ 20 ی مانگی 8 کۆتایی پێدێت.

متمانه‌ چییه‌ گه‌ر ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم درێژکرایه‌وه‌، دوو ساڵی تر هه‌رێم نه‌که‌وێته‌وه‌ هه‌مان قه‌یران و ئاڵۆزی سیاسی؟

باس هه‌ر باسی سازانه‌ و ئێستاش ده‌گوترێت (سازان یان ترازان) به‌ڵام ئه‌وه‌ی باس ناکرێت چاره‌سه‌رکردنێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسیانه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی نکوڵی لێناکرێت ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌ر مه‌ترسیه‌کانی ڕێکنه‌که‌وتن له‌ نێوان ئه‌م لایه‌نانه‌دا، دانیشتوانی هه‌رێم نیگه‌رانیه‌کی زۆریان له‌لا دروستبووه‌ وه‌ک ده‌گوترێت زۆر زیاتر و گه‌وره‌تریش له‌و هه‌وڵانه‌ی لایه‌نه‌کان بۆ سازان ده‌یده‌ن.

دکتۆر ڕێبوار:

*بۆ یەک مانگ یەکگرتووی ئیسلامی کاری لەسەر تەواو نەکردنی ژمارەی یاسایی دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمان دەکرد.*

*میدیا بێدەنگ بکرێت تا ئاگاداری زانیاریەکان نەبێت ئەمە شتێکی خراپە.*

یه‌کێک له‌ پرسیاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مڕۆی شه‌قامی کوردی ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م هه‌موو ناکۆکی و ململانێ سیاسیانه‌ی بوونیان هه‌ن، له‌ پێناو ئاینده‌ و به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تکردنی خه‌ڵکدایه‌ یان ئاڕاسته‌ی تری هه‌ن و ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌بژێری سیاسی هه‌رێمه‌که‌دان؟

خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان له‌ ناجێگیری و نیگه‌رانیه‌کی زۆردا ده‌ژین، هێشتاش مووچه‌ی چه‌ند مانگێکیان وه‌رنه‌گرتووه‌، خزمه‌تگوزارییه‌ بنچینه‌ییه‌کانیان زۆر که‌من، وه‌کو ده‌شگوترێت ئێستا واده‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌ به‌ ڕێکه‌وتنێکی هه‌میشه‌یی و چاره‌سه‌رکردنێکی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ پاداشتی خه‌ڵکی هه‌رێم بده‌نه‌وه‌ نه‌ک به‌وه‌ی خه‌رمانی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێدراوه‌کان له‌سه‌ر شانیان قورستر بکه‌ن.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیەش کۆبوونەوە بەردەوامە، هەندێک دەڵێن ئاماژەی پۆزەتیف لە ئارادان و هەندێکیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

سودمه‌ندی یه‌که‌م له‌م قه‌یرانانه‌ کێیه‌؟ ئه‌ی زیان لێکه‌وتووی یه‌که‌م کێ ده‌بێ؟

ئایا لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم تێگه‌یشتنێکی ته‌واویان هه‌یه‌ له‌ مه‌ترسیه‌کانی له‌ بنبه‌ستدانی ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسیه‌؟

ئایا لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم خاوه‌نی بڕیاری خۆیانن؟

کێ ده‌بێته‌ فریادڕه‌س بۆ خه‌ڵکی هه‌رێم، ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر پێداده‌گرێت یان ئه‌وه‌ی له‌به‌ردانه‌واندن ده‌کات؟

(دکتۆر ڕێبوار که‌ریم مه‌حمود) پسپۆڕی زانسته‌ سیاسیه‌کانی له‌ زانکۆی سلێمانی له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیارو سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه‌:

XS
SM
MD
LG