Accessibility links

ڕێبین هه‌ردی: شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی پشتگیری کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌رێم

  • Balen Salih

ڕێبین هه‌ردی

ڕێبین هه‌ردی

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق داوای سازانێکی نیشتیمانی ده‌که‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ڵام هێشتاش هیچ ئاسۆیه‌ک دیارنییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و سازانه.

ڕێبین ئه‌حمه‌د هه‌ردی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان نه‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان بگه‌نه‌ سازان، ئه‌وا تاکه‌ شوێنێک که‌ بتوانێت ئه‌م ناکۆکیانه‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌ هۆڵی په‌رله‌مانه‌ و ده‌شڵێت تا ئێستاش ئه‌و به‌رنوسی یاسایانه‌ی ڕه‌هه‌ندی سازانی هه‌بووه‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگ یکلاکراونه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ سازان نه‌بووه‌ به‌ زۆرینه‌ بووه‌، یاسای پێشووی درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌ر به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ کراوه‌ له‌ کاتێکدا ئۆپزسیۆنه‌کان بایکۆتی دانیشتنه‌کانیان ده‌کرد.

به‌ڕێز هه‌ردی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات خۆ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نه‌توانێت له‌ پاش 19 ی ئه‌م مانگی هه‌شته‌ کاتێک سه‌رۆکی هه‌رێم ڕه‌وایی یاسایی نامێنێت ئه‌وا هه‌رێم ده‌که‌وێته‌ قه‌یرانێکی گه‌وره‌وه‌ به‌شیوه‌یه‌ک نازانرێت به‌ چ جۆره‌ ڕه‌واییه‌کی یاساییه‌وه‌ هه‌رێم لێی ده‌رباز ده‌بێت.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، ڕێبین هه‌ردی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌ دووری ده‌بینێت قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری کێشه‌ و ئاڵۆزیه‌کان یان نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام له‌ نێوان لایه‌نه‌کاندا بگاته‌ ئاستی هه‌ڵایسانی شه‌ڕ یانیش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی دوو به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاوشێوه‌ی ساڵانی نه‌وته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی وه‌ک ده‌ڵێت بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و خراپی ڕه‌وشه‌که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و کێشه‌ ئابورییه‌کان له‌ بارێکی خراپدان.

به‌ڕێز هه‌ردی ده‌ڵێت له‌ سه‌ره‌تادا قه‌یرانه‌که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان دروستی کردووه‌ و وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هاتبا نوێنه‌رانی پارتی له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌ یه‌که‌م دانیشتندا له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گوتارێکی نه‌رمیان به‌کارهێنابا له‌ بری ئه‌و گوتاره‌ تونده‌ی ده‌ستیان پێکرد ئه‌وا ڕه‌وشه‌که‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌مه‌ی ئێستا و وه‌ک ده‌ڵێت پارتی ‌هێزه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمی خستۆتوه‌ به‌ر دوو بژاره‌ یان خۆت به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌یت بۆ ئیراده‌ی پارتی یان ئه‌وه‌تا وڵات خراپ ده‌بێت.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

XS
SM
MD
LG