Accessibility links

عەلى باپیر ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى لە بارەى پرسى سەرۆكایەتى هەرێم بۆ دەنگى ئەمەریكا دەدوێت


ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى لە كوردستان هۆشدارى دەدات لە خراپبوونى بارودۆخى هەرێمى كوردستان، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان پرسى سەرۆكایەتى هەرێم بە سازان و لێكتێگەیشتن چارەسەر نەكەن.

عەلى باپیر ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" كێشەى سەرۆكایەتى هەرێم چاوەڕوانى دەرهاویشتەى خراپى وەكو دوو ئیدارەیى و شتى خراپترى لێدەكرێت، ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن."

وتیشى"ئومێد دەكەم لەم چەند رۆژەى كە ماوە لە بەردەمماندا پێكەوە دابنیشین و لەبەر بەرژەوەندى گشتى تەنازول لە بەرژەوەندى حزبى بكەین، منیش هەوڵێكم بەدەستەوەیە چوارچێوەى هەوڵەكەم ڕەخساندنى كەشێكە كە تێیدا لایەنەكان كۆبوونەوەى لوتكە بكەن."

دەربارەى چۆنیەتى چارەسەركردنى قەیرانى ئێستاى هەرێمى كوردستان، عەلى باپیر وتى "دەبێت هەموو لایەنەكان لەسەر مێزى گفتووگۆ تەنازول بۆ یەكترى بكەین، چونكە ئەو باجەى بۆ تەبایى و یەكڕیزى دەیدەین زۆر كەمترە لەو باجەى بەهۆى لێكترازانەوە دەیدەین."

سەبارەت بەو بۆچوونەى كە دروستبووە گوایە چوار لایەنەكە ( یەكێتى ، گۆڕان ، كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتووى ئیسلامى ) گەلەكۆمە لە پارتى دەكەن ، ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى گەلەكۆمەكردنى رەتكردەوە و ئاماژەى بەوەكرد چوار لایەنەكە لە نێو خۆشیاندا خاڵى جیاوازیان هەیە ، وتى"دەبێت یەكێتى و پارتى ئەو ڕاستیە بزانن لە ماوەى 25 ساڵى ڕابردوودا خەڵك لە ئەداى حوكمڕانیان ڕازى نەبووە ، چونكە وڵات گەندەڵى و قۆرخكارى تێدا زۆرە و دادگەرى نەبووە و یاسا سەروەر نەبووە."

عەلى باپیر، باسی لەوەش كرد كلیلى چارەسەركردنى بارودۆخى هەرێم بریتیـیە لە لێكتێگەیشتن و سازان ، بە پێچەوانەوە هەركەسە و لە ئاوازێک بخوێنێ‌ وەزعەكە لەدەست دەردەچێت و هەموو لایەک زەرەرمەند دەبین.

كۆتایى هاتنى وادەى سەرۆكایەتیەكى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم هەفتەیەكى ماوە ، بەڵام تائێستا لایەنەكان لەسەر درێژكردنەوەى یان رەتكردنەوەى رێكنەكەوتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:43 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG