Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا: چەکی کیمیاوی لە دژی پـێشـمەرگە بەکارهاتووە


وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا دەڵێت چەند ڕۆژێـک لەمەوبەر بە چەکی کیمیاوی هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی پـێشمەرگە لە باشوری ڕۆژئاوای هەولێر.

وەزارەتەکە ڕۆژی پـێـنجشەممە ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و گوتی ماددە کیمیاویـیەکان بە خومپارە و تۆپ هەڵدراون و چەند پـێشـمەرگەیەک بەهۆیەوە هەناسەیان قورسبووە. جەختی لەوەش کرد هیچ کام لەو سەربازە ئەڵمانیـیانەی مەشق بە هێزەکانی پـێشـمەرگە دەکەن زیانیان پـێنەگەیشتووە.

ئەڵمانیا لەوەتای مانگی نۆی سـاڵی ڕابردووەوە چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پـێشمەرگە ڕەوانەکردووە و هەروەها نزیکەی 90 سەربازیشی لە هەرێمی کوردسـتانە بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکان.

هەرچەندە وەزارەتەکە باسی لەوە نەکرد کێ ئەو چەکەی بەکارهێناوە، بەڵام لە ئێسـتادا هێزەکانی پـێشمەرگە لەو ناوچەیە لە سەنگەردان لە بەرامبەر داعش.

پـێشتر وەزارەتی پـێشـمەرگە لە مانگی سێ ڕایگەیاند بەڵگەی هەیە کە داعش ماددەی کلۆری لە تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراودا لە 22 ی مانگی یەک بەکارهێنابوو.

مانگی ڕابرووش هەردوو ڕێکخراوی Conflict Armament Research و Sahan Research ڕایانگەیاند داعش لە 21 و 22 ی مانگی شەش ماددەی کیمیاوی نەزانراوی لە دژی پـێشـمەرگە بەکارهێنابوو. دەشڵێن چەکەکە گازێـکی ڕەنگ زەردی دەرکردووە و لەگەڵیدا بۆنێـکی تیژی پـیازی خراپـبووی هەبووە.

هەروەها هەردوو ڕێکخراوەکە دەڵێن داعش لە 28 ی مانگی شەشیش دوو هێرشی لەو جۆرەی کردووەتە سەر هێزکانی یەپەگە لە پارێزگای حەسەکە.

لە کۆی هێرشەکان کەس گیانی لەدەسـت نەداوە، بەڵام ژمارەیەکی تووشی قوڕگ سووتانەوە و چاو و لووت کزانەوە کردووە لەگەڵ ئازاری ماسولکە و گێژبوون و هێڵنجدان.

XS
SM
MD
LG