Accessibility links

خۆپـیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ شاری سلێمانی و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی ده‌وروبه‌ری سـازده‌کرێن


بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و كەمی ئاو و كارەبا و كەمی بەنزین و چەندان داواكاری ترەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان لە سەرای ئازادی سلێمانی كۆبوونەوە، ئه‌مه‌ جگە لەوەی له‌ چەند قەزا و ناحیەیەكی سلێمانیش ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی تێدا ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوە، خۆپیشاندانەكەی سلێمانی بڵاوەی پێكرا.

ڕزگار یەكێک لەو كەسانەی بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بوو لە سلێمانی بە دەنگی ئەمه‌ریكای ڕاگەیاند، داوای مۆڵەتیان كردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، بەڵام لەلایەن قایمقامی سلێمانی و لیژنەی ئەمنی سلێمانیەوە داواكەیان ڕەتكراوەتەوە.

لە بەرامبەردا بەختیار عەبدولڕەحمان قایمقامی سلێمانی و لە هەمان كاتدا سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمه‌ریكای ڕاگەیاند، داوای مۆڵەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان ڕەتنەكردۆتەوە بەڵكو داوایان كردبوو كە شوێنی خۆپیشاندانەكە لە ناوەندی شار نەبێت لەبەر بارودۆخی ئەمنی.

ئەو خۆپیشاندەرە ئەوەشی وت لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە چەند كەسێكیان لێدەستگیركراوە.

بەڵام قایمقامی سلێمانی دەڵێت"كەسمان دەستگیرنەكردووە و ئەو كەسانەمان برد بۆ لای پاركی ئازادی و وتمان ئەمە شوێنی خۆپیشاندانە."

جگە لە سلێمانی لە خورماڵ، كفری، هەڵەبجە، دەربەندیخان، دووكان، حاجیاوا خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

بەرزان حوسێن یەكێک لە خۆپیشاندەرانی حاجیاوا بە دەنگی ئەمه‌ریكای ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری و چەند داواكاریەكی تر خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، بەڵام لەلایەن دامودەزگا ئەمنیەكانەوە هێرشكراوەتە سەر خۆپیشاندەران و لێیان دراوە"

لای خۆشیەوە ئەزوەر جەعفەر بابەكر بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بە دەنگی ئەمه‌ریكای ڕاگەیاند"هیچ توندوتیژییەک لە بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامنەدراوە ئەو خۆپیشاندەرانە نە نوێنەریان هەبووە وە نە داواكاریـیەكی دیاریكراو."

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش باس لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی خزمەتگوزاری بۆ دەنگی ئەمه‌ریكا دەكات و دەیگێڕێته‌وه‌ بۆ قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و ژمارەی زۆری ئاوارەكان لە پارێزگای سلێمانی.

لە مانگی ڕابردووەوە ژمارەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی و خشتەی پێدانی ئاو كەمی كردووە بە جۆرێک وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند بۆ مانگی هه‌شت 16 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتیان كە ڕەنگە ئەو ڕێژەیەش كەمبكرێتەوە بەهۆی بوونی لۆد لەسەر وێستگەكانی دابەشكردنی كارەبا، هەروەها خشتەی پێدانی ئاو لە ڕۆژ نا ڕۆژێكەوە بۆتە 3‌ ڕۆژ جارێک بۆ هەر گەڕەک و ناوچەكی سلێمانی جگە لە بەردەمی قەیرانی بەنزین و گرانی نرخەكەی و خراپی كواڵیتی.

XS
SM
MD
LG