Accessibility links

چەكدارە شیعەكان دەیانەوێت ناوچە سونەنشینەكانى سەڵاحەدین بە دانیشتوانەكەى چۆڵ بكەن


چەكدارەكانى حەشدى شەعبى ڕێگە بە دانیشتوانى ناوچە سونەنشینەكانى پارێزگاى سەڵاحەدین نادەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، لە كاتێكدا ڕێگەیان بە دانیشتوانە شیعەكەى ناوچە جیاجیاكانى ئەو پارێزگایە داوە و گەڕاونەتەوە بۆ جێگەكانى خۆیان.

دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"چەكدارە شیعەكان بەرنامەیان نیە رێگە بەسونەكانى سەڵاحەدین بدەن بگەرێنەوە بۆ ناوچەكانیان."

بەپێى وتەى جێگرى پـێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین ، چەكدارە شیعەكان پلانیان هەیە لە ڕێگەى كوشتن و ڕفاندنەوە قەزاى خورماتووش بە سونەكان چۆڵ بكەن و هێزە كوردیەكانیش دەستەوەستانن.

هەرچەندە پێشتر هێزە كوردیەكان هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیان لە شیعەكان كرد ، ئەگەر كۆتایى بە دیاردەى كوشتن و ڕفاندن نەهێنن، بەڵام شیعەكان بەردەوامن و كوردەكانیش هەتا ئێستا بێدەنگن.

حەسەن بارام جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى یەكێتى لە خورماتوو، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند" شەڕى نێوان شیعە و سونە لە خورماتوو بەردەوامە ، بەڵام هیچ لایەكیان كێشەیان لەگەڵ كورددا نیـیە."

دوا توندوتیژى نێوان شیعە و سونە لە خورماتوو ، هەفتەى ڕابردوو ڕوویدا كاتێک سونەكان مەلەوانگەیان تەقاندەوە و 8 كەسى شیعە مەزهەب كوژران ، ئەمەش بەپێى وتەى مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین.

لە كاتێكدا كورد خۆى بە خاوەنى خورماتوو دەزانێت، كەچى لایەنە شیعەكان دەیانەوێت لە ڕێگەى بەردەوامیدان بە كوشتن و ڕفاندنى سونەكانەوە دەسەڵاتى خۆیان بسەپێنن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:21 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG