Accessibility links

ئه‌مه‌ریکا پێشوازی له‌ هێرشه‌کانی تورکیا ده‌کات


جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی بێن ڕۆدس ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا پێشوازی له‌ بڕیاری تورکیا ده‌کات بۆ هێرشه‌ ئاسمانیه‌کانی دژ به‌ ئامانجه‌کانی داعش و هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ دیدوبۆچوونی ئه‌نکه‌ره‌ که‌ پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێکخراوێکی تیرۆرستییه‌. "ئێمه‌ هاوپه‌یمانه‌کانی تریشمان له‌م شه‌ڕه‌ هان ده‌ده‌ین که‌ پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن و ئێمه‌ بێ گومان په‌وه‌ندییه‌کی باشی کارکردنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ باکوری عێراق جا ئه‌م هێڵی په‌یوه‌ندی کردنه‌ کراوه‌یه‌. تورکیا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ کرداری دژی ئامانجه‌کانی تیرۆرست ئه‌نجام بدات و ئێمه‌ش بێگومان جارێکی تر پێزانینمان هه‌یه‌ بۆ خێراکردنی هه‌وڵه‌کانیان دژ به‌ داعش. ئێمه‌ به‌ده‌وام ده‌بین له‌ په‌یوه‌ندیکردن پێیانه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتووشدا".

ڕۆدس ده‌ڵێت پێی وایه‌ کرداره‌که‌ی تورکیا ده‌شێ هه‌وڵه‌کانی لاوازکردنی حه‌شارگه‌کانی داعش له‌ سه‌رانسه‌ری باکوری سوریا و عێراق کاریگه‌رتر بکات، به‌ڵام گوتیشی ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ جۆراوجۆه‌کانیان کار ده‌که‌ن بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌. وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ زیاتر له‌ 30 هێرشی ئاسمانی کرده‌ سه‌ر ئامانجه‌کانی داعش له‌ سوریا و عێراق.

واشنتۆن ده‌ڵێت به‌شداری تورکیا به‌رهه‌می وتووێژه‌ به‌رده‌وامه‌کانه‌. هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌که‌ی هه‌فته‌ی ڕابوردووش ده‌کات که‌ له‌ شارۆچکه‌ی سوروچ ڕوویدا و 32 که‌سی تێدا کوژرا و هه‌روه‌ها ئه‌و هێرشانه‌ش که‌ ئه‌ندامانی ئاسایشی تورکیای تێدا کوژران.

به‌ڵام تورکیا په‌که‌که‌ی بۆ شه‌ڕی ئه‌م دواییانه‌ تاوانبار کردووه‌ که‌ سێ ئه‌ندامی هێزی ئاسایشی تورکیای تێدا کوژران و هاووڵاتیانی تورکیا و کاربه‌ده‌ستای خزمه‌تگوزاری ڕفێندران.

هێرشه‌کانی ئانکه‌ره‌ دژ به‌ په‌که‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر کۆتایی هاتن به‌ ئاگربه‌ستی سێ ساڵه له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌.

په‌که‌که‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئاگربه‌سته‌که‌ کۆتایی پێ هاتووه‌.

Brett McGurk جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆک بۆ هاوپه‌یه‌مانی جیهانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گروپی داعش ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ سه‌ر تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ڕایگه‌یاند‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک نییه‌ له‌ نێوان هێرشه‌کانی هێزی ئاسمانی تورکیا دژ به‌ په‌که‌که‌ و ، لێکتێگه‌یشتنه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ بۆ پته‌وکردنی هاوکارییه‌کانی نێوان ئه‌مه‌ریکا و تورکیا دژ به‌ داعش. هه‌رچه‌نده‌ توێژه‌ری هه‌رێمه‌ی ستیڤن زونس له‌ زانکۆی سان فرانسیسکۆ ده‌ڵێت هێرشه‌کانی تورکیا ڕه‌وشه‌که‌ی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ گروپی داعش ئاڵؤزتر کردووه‌. "په‌که‌که‌ و هاوپه‌یمانه‌ نزیکه‌کانیان یه‌په‌گه‌ی بنکه‌ له‌ سوریا یه‌کێک بوونه‌‌ له‌ کاریگه‌رترین هێزه‌کانی دژ به‌ داعش. و بارودۆخێک خوڵقاوه‌ تورکه‌کانی که‌ چه‌کی ئه‌مه‌ریکا به‌کار ده‌هێنن ئه‌و هێزه‌ کوردانه‌ بۆردومان ده‌که‌ن که‌ هاوپه‌یمان بوون له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا له‌ هێرشه‌کانی دژ به‌ داعش و ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی ئاڵۆزترله‌و به‌شه‌ ئاڵۆزه‌ی جیهاندا دروست ده‌کات".

زونس و شاره‌زای هه‌رێمی جه‌یمس جێفریس له‌ ئینستتوتی واشتنۆن بۆ ڕێبازی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک، و باڵیۆزی پێشووی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ عێراق، له‌و بڕوایه‌دان ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیشی به‌ سیاسه‌تی ناوخۆیی تورکیاوه‌ هه‌یه‌. جێفریس ده‌ڵێت سه‌رۆک ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوگان ده‌شێ ڕێبازی تورکیا بگۆرێت بۆ زیاد کردنی پشتویانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی 6 دا نه‌یتوانی زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ستبهێنێت.

"جا بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ هیوادار بێت له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ئه‌نجام بدرێت ، جا ئه‌و هه‌ڵبژاردنی نوی ده‌کات و ڕاوه‌رگرتنه‌ گشتیه‌کان نیشان ده‌ده‌ن گۆڕانکاری کردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌میش بێت. ڕه‌نگه‌ مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌مه‌ بێت. هه‌وڵ ده‌دات بارودۆخێکی باری نائاسایی دروست بکات بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌م کاره"‌.

جێفریس ده‌ڵێت له‌ کاتێکدا، چاوه‌ڕوانی هێرشێکی گه‌وره‌ی له‌شکری تورکیا ناکات، پێی وایه‌ ئه‌م هێرشه‌ ئاسمانیانه له‌به‌رامبه‌ر مه‌وڵه‌ت بێت به‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا تا بنکه‌ ئاسمانیه‌کانی تورکیا دژ به‌ گروپی داعش به‌کار بهێنن، و کۆنتڕۆڵی سنووری زیاتر بکه‌ن بۆ سست کردنی هاتوچۆی ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ ناو داعشه‌وه‌ و پاره‌و چه‌ک".

ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی تورکیا له‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕایانگه‌یاند ئه‌نکه‌ره‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریکای به‌ده‌ست هێناوه‌ بۆ پێکهێنانی ناوچه‌ی دژه‌ فڕین به‌سه‌ر باکوری سورا. جێفریس پێی وایه‌ ڕه‌نگه‌ به‌شێک له‌و ڕێککه‌وتنه‌ ئه‌وه‌ بێت به‌ڕێز ئۆردوغان ڕێگا به‌ هێزه‌کان هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریکا بدات ده‌ستیان به‌ بنکه‌کانی تورکیا ڕابگات. "له‌ به‌رامبه‌ر ڕێگادان به‌ ئه‌مه‌ریکا تا بنکه‌کان به‌کار بهێنن، ئه‌مه‌ریکاش پشتیوانیان ده‌کات له‌ ناوچه‌ی دژی فڕیندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌ردوو لا له‌ سنور، ئه‌مه‌ جێگایه‌کی پارێزاو بۆ په‌نابه‌رانی سوریا دروست ده‌کات له‌ ده‌روه‌ه‌ی تورکیا شتێکی گرنگیش ئه‌وه‌یه‌ فشار له‌ سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د دروست ده‌کات. حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ئه‌مه‌ی پشتڕاست نه‌کردووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌که‌یه‌ له‌وێ و ڕه‌نگه‌ هه‌وڵیش بدات پشتویانی ناتۆ به‌ده‌ست بهێنێت چونکه‌ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ بۆ چوونه‌ نێو وڵاتێکی تر".

تورکیا ده‌ڵێت ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ پشتستی کرده‌وه‌ که‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی پارێزراو له‌ ناوچه‌کانی سنوری نێوان تورکیا و سوریا گرنگه‌ بۆ دابین کردنی پشتیوانی ئاسمانی پێویست و پاراستنی لایه‌نه‌کانی له‌شکری ئازادی سوریا و هێزه‌ میانه‌ ڕه‌وه‌کانی تری که‌ شه‌ڕی دژه‌ به‌ ڕژێمی ئه‌سه‌د و گورپی داعش ده‌که‌ن.

ده‌قی ڕاپۆرته‌که‌ی ڤیکته‌ر بێتی

XS
SM
MD
LG