Accessibility links

دکتۆر جه‌بار قادر: ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی هه‌ڵوێستی تورکیا مه‌ترسیه‌کی زۆر به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت بۆ کورد و به‌ پله‌ی یه‌که‌میش بۆ په‌که‌که‌

  • Balen Salih

دکتۆر جه‌بار قادر

دکتۆر جه‌بار قادر

فڕۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی کۆماری تورکیا له‌ناو قوڵایی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا له‌ دره‌نگانێکی ڕۆژی هه‌ینیه‌وه‌ بۆردومانی بنکه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌که‌ن.

دکتۆر جه‌بار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا ده‌ڵێت پێی وانییه‌ ئه‌م بۆردومان کردنانه‌ به‌ مانای کۆتاییهێنان بێت به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی بێت له‌ تورکیادا هێنده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌وڵێکه‌ بۆ تێکه‌ڵ کردنی کارته‌کان و هه‌وڵێکیشه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و ڕه‌واییه‌ی که‌ پارتی کرێکارانی کوردستان و په‌یه‌ده‌ له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستیان هێناوه‌ و ده‌شڵێت تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌وه‌ دۆسێکان وه‌ها پێکه‌وه‌ گرێبدات که‌ بڵێت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، دکتۆر جه‌بار ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات دۆسێی متمانه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی تورکیادا له‌ق بووه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕووداوه‌کانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تورکیا بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان و بۆ په‌یه‌ده‌ وه‌ها بووه‌ که‌ په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌ بۆ تورکیا مه‌ترسیدارترن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان و ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا.

دکتۆر جه‌بار ده‌ڵێت تا ئێستاش ئانکه‌ره‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌توانێت زیاتر خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تورکیا بکات له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستاندا ، له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا وله‌گه‌ڵ کورد به‌ گشتی و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ کوردی باشوریشدا و ده‌شڵێت له‌ به‌ره‌نجامدا پڕۆژه‌ی کوردی به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کانی له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ به‌ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی لێکده‌داته‌وه‌.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

XS
SM
MD
LG