Accessibility links

تونسیـیەک و پاکسـتانیـیەک لە ئیتالیا لەسەر پەیوەندی بە داعش دەسـتگیردەکرێن


پـۆلیسی ئیتالیا ڕۆژی چوارشەممە تونسیـیەک و پاکستانیـیەکی دەسـتگیرکرد بە تاوانی ئەوەی سەر بە داعشن و نیازیان هەبووە هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی لەشکری ئیتالیا کە ئەندامانی لەشکری ئەمەریکایی لێـیە.

ماوریزۆ ڕۆمانێلـلی داواکاری گشـتی ئیتالیا گوتی هەردوو تاوانبارەکە شارەزایـیەکی تەواویان لە بەکارهێنانی چەک نیـیە و چەکیشیان نەبووە و لەو کاتەدا دەسـتگیرکراون کە هێشـتا نەگیشتوونەتە ئەو قۆناغەی ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەیان.

گوتیشی ئامانجەکەیان بنکەی ئاسمانی گێدی بووە لە نزیک شاری بریشیا لە باکوری وڵات. جەختی لەوەش کرد هیچ مەترسیـیەک بۆ سەر بنکەکە دروسـت نەبووە کە زیاتر لە 100 ئەندامی هێزی لەشکری ئەمەریکایی لێـیە.

دەسەڵاتداران دەڵێن لەوەتای مانگی چوارەوە ئاگاداری ئەم دووانەن، کاتێـک دەسـتیانکردبوو بە هەڕەشەی تێرۆرستی لەسەر تویتەر لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی شوێنی ئامانجەکەیان و نووسینی " ئێمە لەسەر جادەکانتانداین"

هەروەها کاربەدەسـتان دەڵێن بە نیازبوون بەرەو ئەو ناوچانە بڕۆن کە لە ژێر دەسـتی داعشدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاوەکو لەوێ مەشقیان لەسەر چەک پـێـبکرێت.

XS
SM
MD
LG