Accessibility links

هەڵوێستى لایەنە ئیسلامیەكان لەسەر پێگەى ئاین لە دەستورى هەرێمى كوردستاندا


لایەنە ئیسلامیەكان هەڕەشەى جوڵاندنى شەقام و دەنگ نەدان بە پرۆژەى دەستورى هەرێمى كوردستان دەكەن، ئەگەر ئاینى ئیسلام نەكرێتە سەرچاوەى یاسادانان و لە نێو پرۆژەكەدا جێى هەر بڕگە و مادەیەک بكرێتەوە كە پێچەوانەى بنەما نەگۆڕەكانى ئیسلام بێت.

مەروان گەڵاڵى سەرۆكى فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى كوردستان، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ئەگەر پرۆژەى دەستور یەكانگیر نەبێت لەگەڵ ئاینى ئیسلامدا، ئەوا ڕەتیدەكەینەوە و داوا لە خەڵک دەكەین لە كاتى خستنە ڕاپرسیدا دەنگى پێنەدەن."

بەپێى وتەى مەروان گەڵاڵى، یەكێتى و گۆڕان و بەرپرسانى پارتیش لاریان نیـیە لەسەر پێگەى ئاین لە دەستوردا، بەڵام پەرلەمانتارانى پارتى لەو ڕووەوە گرفتیان دروستكردووە.

هاوكات شوان قەڵادزەیى سەرۆكى فراكسیۆنى بزووتنەوەى ئیسلامى لە پەرلەمانى كوردستان، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەگەر شەریعەتى ئیسلام سەرچاوەى یاسادانان نەبێت پەنا بۆ زانایانى ئاینى و جەماوەر دەبەین بۆ ڕەتكردنەوەى دەستور."

لاى خۆیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنى سەرۆكى فراكسیۆنى یەكگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى كوردستان، ئاماژەى بەوەكرد ئەوان دەستورێكى تیۆکراتى ئاینیـیان ناوێت، وتى"بەڵام دەبێت ئاین لە نێو دەستوردا پێگەى بەهێزى هەبێت."

جەختكردنەوەى لایەنە ئیسلامیەكان لەسەر جێكردنەوەى ئاینى ئیسلام و كردنى بە سەرچاوەى سەرەكى یاسادانان لە نێو دەستوردا، لە كاتێكدایە بەشێک لە ڕێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى هەڵمەتێكى ئیمزا كۆكردنەوەیان دەستپێكردووە و داواى دەستورێكى مەدەنى دیموكراسى بۆ هەرێم دەكەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:27 0:00

XS
SM
MD
LG