Accessibility links

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە دەکەن تاوەکو بزانن ئایا هێرشبەرەکەی تێنسی پەیوەندی بە داعشەوە هەبووە یان نا


دەزگا بەرپـرسەکانی ئەمەریکا دەسـتیانکردووە بە لێکۆڵینەوە تاوەکو بزانن ئەو کەسەی ڕۆژی پـێنجشەممە 4 سەربازی مارینزی لە ویلایەتی تێنسی کوشت، پەیوەندی بە داعشەوە هەیە یان نا.

هاوکات هێزە ئاسایشیـیەکان ڕێوشوێنی توندیان لە دەوروبەری شوێنە حکومیـیەکاندا گرتۆتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە شیانی ڕوودانی هێرشێـکی هاوشێوەی تێنسی کە تیایدا 2 کەسی دیکە برینداربوون و یەکێـکیان برینەکەی قورسە.

جیە جۆنسۆن وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا گوتی زۆر بە گرنگیـیەوە لە ڕووداوەکە دەڕوانن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاگاهی دا هەواڵی جێی گومان و ڕەنگە ڕاستیش نەبن لە بارەی ڕووداوەکەوە بڵاودەکرێنەوە.

جێی ئاماژەیە بەیانی دوێنێ پـێـنجشەممە کەسێـک بە ناوی محەمەد یوسف عەبدولعەزیز تەمەن 24 سـاڵ و لە دایکبووی کوەیت، هێرشی کردە سەر دوو شوێنی لەشکری لە شاری چاتـتانوگا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی تێنسی. لە شوێنی یەکەم کە ناوەندێـکی وەرگرتنی سەربازی نوێـیە تەنها تازە سەربازێـکی مارینز بە سووکی برینداربوو، بەڵام لە شوێنی دووەم کە سەنتەرێـکی هێزی دەریایـیە و نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە بنکەکەی دیکەوە دورە، ئەو چوار مارێنزەی کوشت و یەکێـکی دیکەی بە سەختی بریندارکرد، پاشان بە دەسـتی ئەو هێزە ئاسایشیـیانە کوژرا کە لە شوێنی یەکەمەوە بە دوایدا کەوتبوون.

بەپـێی زانیاریـیە سەرەتایـیەکان محەمەد عەبدولعەزیز کە ڕەگەزنامەی ئەمەریکایـیشی وەرگرتبوو، کەسێـکی ئاسایی بووە و ئەوانەی دەیناس سەرسام بوون بەوەی تاوانێـکی وەهای کردووە. ناوبراو خوێندنی لە بەشێـکی ئەندازیاری زانکۆی تێنسی ستەیت تەواوکردووە. بەڵام چەند نووسینێـکی لەسەر ئنتەرنێت توندەڕەوی ئیسلامی پـێوە دیارە.

XS
SM
MD
LG