Accessibility links

ده‌قی وتاری سه‌رۆک ئۆباما له‌ باره‌ی ڕێکه‌وتنه‌‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئێراندا


براک ئۆباما سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ وتارێـکی پـێشکه‌شکرد له‌ پاش ئه‌وه‌ی زلهێزانی جیهان و ئێران به‌و ڕێکه‌وتنه‌ کۆتایی‌یه‌ گه‌یشتن که‌ له‌ مێژه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرا.

ده‌قی وتاره‌که‌‌:

ئه‌مڕۆ، له‌ پاش دوو ساڵ وتووێژ، وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ نێونه‌ته‌وه‌یـیه‌کان، ئه‌نجامێکیان ده‌ست که‌وتووه‌ که‌ به‌ده‌یان ساڵ دوژمنکاری نه‌هاته‌ دی، ئه‌ویش، رێککه‌وتنی تێروته‌سه‌ل و درێژ ده‌م له‌گه‌ڵ ئێرانه‌ که‌ ڕێگه‌ی لێ ده‌گرێت چه‌کی ناوکی وه‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ نیشانی ده‌دات دیپلۆماسییه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌توانێت گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ و به‌ مانا بهێنێته‌دی، ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی وڵات و جیهانی ئێمه‌ به‌ ئاسایش تر و سه‌قامگیر تر ده‌کات. ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ نه‌ریتی ڕێبه‌رایه‌تیکردنی ئه‌مه‌ریکا ده‌گونجێت. ئێستاکه‌، زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ له‌وه‌تای سه‌رۆک که‌نه‌دی له‌به‌رده‌م گه‌لی ئه‌مه‌ریکا ڕاوه‌ستا و گوتی،" با هیچ کاتێک له‌به‌ر ترس وتووێژ نه‌که‌ین، به‌ڵام با قه‌تیش له‌ گفتوگۆکردن نه‌ترسین." ئه‌و کات ئه‌و باسی پێویستی هه‌بوونی گفتوگۆی نێوان وڵاته ‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و یه‌کێتی سۆڤیه‌تی ده‌کرد، که‌ له‌ ئاکام، هه‌وڵه‌کان ده‌ستپێکران بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌کی ناوکی.

له‌و ده‌م، مه‌ترسی شه‌ڕی ناوکی کاره‌ساتاوی نێوان دوو زلهێز هه‌بوو. له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا، مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌کی ناوکی بۆ دوو وڵات زیاتره‌ و به ‌تایبه‌تی له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، که‌ ئاڵۆزترین ناوچه‌ی جیهانه‌.

ئه‌مڕۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ڵوێستی به‌هێز و به‌ پرنسیپه‌وه‌ وتووێژی کرد، ئێمه‌ پێشی بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌کی ناوکیمان له‌م هه‌رێمه‌دا گرت. به‌هۆی ئه‌م رێککه‌وتنه‌، کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێت پێشتڕاستی بکاته‌وه‌ کۆماری ئیسلامی ئێران چه‌کی ناوکی ساز ناکات.‌

ئەم ڕێکەوتنە هەموو ئەو خاڵانەی لەخۆگرتووە کە لە دانانی چوارچێوەکه‌ی له‌ مانگی چواردا هاتبوو. هەموو ڕێگەکانی گەیشتن بە چەکی ناوکی بڕیوە. سیستەمی پشـکنین و شه‌فافیه‌ت کە گرنگن بۆ پشـتڕاستکردنەوەی بەدیهێنانی ئامانجەکە، لە شوێنی خۆیان دانراون. بەپـێی ئەم ڕێکەوتنە ئێران یۆرانیۆم بۆ ئاستێـکی بەرز ناپیتێنێت و هەروەها پلۆتۆنیۆم و هیچ کەرەستەیەکی دیکەی پـێویستن بۆ دروسـتکردنی چەکی ناوکی بەرهەم ناهێنێت.

بەهۆی ئەم ڕێکەوتنەوه‌، ئێران دوو لەسەر سێی ئامێرەکانی سەنتەرفیوجی کە بۆ پـیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەهێنێت، هەڵدەوەشێنێتەوە و دەخرێنە عەمبارەوە و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دەبن. ئێران ئامێری سەنتەرفیوجی پـێشـکەوتوو لە 10 سـاڵی داهاتوو بۆ پـیتاندنی یۆرانیۆم بەکارناهێنێت و 98% ی یۆرانیۆمە پـیتێنکراوەکەی ناهێڵێت.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی ئێران بەشی دروسـتکردنی 10 بۆمب یۆرانیۆمی هەیە، بەهۆی ئەم ڕێکەوتنەوه‌ ئەو پڕە کەم‌دەکرێتەوە بۆ هێنده‌ی یەک بۆمبیشی لێ دروسـت ناکرێت. ئەم بەربەسـتانە بۆ 15 سـاڵ بەردەوام دەبن.

بەهۆی ئه‌م ڕێکەوتنه‌وه‌، ئێران گۆڕانکاری لە ڕیاکتەرەکەی ئاراک دەکات بە شێوەیەک کە پلۆتۆنیۆمی پێ بەرهەم نەهێنرێت بۆ دروستکردنی چەک. قایلیش بووە بە درێژایی تەمەنی ڕیاکتەرەکە سووتەمەنیـیەکەی بۆ دەرەوەی وڵات ڕەوانەبکات. بە لایەنی کەم بۆ 15 سـاڵی داهاتوو ئێران هیچ ڕیاکتەرێـکی نوێی ئاوی قورس دروسـت ناکات.

بەهۆی ئه‌م ڕێکەوتنەوه‌، بۆ یەکەم جارە ئێمە دەتوانین له‌ پـێگه‌یه‌ک بین که‌ پـشتڕاستی بکه‌ین ئێران وابەستەی هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ دەبێت. ئەمە مانای ئەوەیە ڕێکەوتنەکە لەسەر بنچینەی بڕوا و متمانە نیـیە، بەڵکو لەسەر بنچینەی پشـتڕاستکردنەوە دانراوە. پشـکنەران بۆیان ده‌بێت لە هەر 24 کاژمێری حەوت ڕۆژی هەفتەدا بچنە ناو دەزگا سەرەکیـیەکانی ناوکی ئێراندا.

پشـکنەرەکان بۆیان ده‌بێت بچنە نێو تەواوی شوێنی دابینکردنی که‌ره‌سته‌کانی ناوکی ئێران، لەوانە کانەکانی یۆرانیۆم و هاڕێنەرەکان، دەزگاکانی گۆڕینی یۆرانیۆم و شوێنه‌کانی سەنتەرفیوج و عەمباره‌کان. ئەمە مسۆگەری دەکات کە ئێران ناتوانێت کەرەستەکان لەو دەزگا ئاشکرایانه‌ بشارێتەوە. هەندێـک لەو ڕێوشوێنانە بۆ ماوەی 25 سـاڵ دەگیرێنەبەر.

بەهۆی ئه‌م ڕێکەوتنەوه،‌ پـشـکنەران هەروەها بۆیان هەیە بچنە ناو هەر شوێنێـک گومانی لێبکەن. بە ڕوونی ڕێکخراوەکە بەرپـرسە لە پـشـکنینەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم IAEA بۆی هەیە هەر کاتێـک بە پـێویستی بزانێت بچێت بۆ هەموو شوێنێـک . ئەم ڕێکەوتنە بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاژانسی IAEA بە ڕێکەوتنێـک لەگەڵ ئێراندا گەیشـتووە کە بۆی هەیە دەسـتی بگات بەو شتانەی پـێویستێتی بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکەی سه‌باره‌ت به‌ شیانی هەبوونی ڕەهەندی لەشکری لە توێژنەوەکانی ناوکی، ئەوانەی لە ڕابردوودا ئێران کردوونی.

لە کۆتاییدا، ئێران بۆ هەمیشە لێی قەدەغەیە چەکی ناوکی بەدەسـتبهێنێت بەپـێی پەیمانـنامەی نەهشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی، ئەوەی بنەمای هەوڵەکانی کۆمەڵی نێودەوەڵەتی بوو بۆ فشارخستنە سەر ئێران.

لەو کاتەی ئێران هەنگاو بۆ جێبەجێـکردنی ڕێکەوتنەکە دەنێت، سزاکانی سەر ئێران سووک دەکرێن، ئەوانەی لەسەر بەرنامە ناوکیـیەکە لەسەریمان سەپاندووه‌ -- هه‌ردووکیان، ئەوانەی ئەمەریکا و ئه‌وانه‌شی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندوونی. ئەم سووککردنە به‌ چه‌ند قۆناغێک ده‌کرێت. ئێران دەبێت هەنگاوە سەرەکیـیەکان لە ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات بەر لەوەی سزای دیکەی لەسەر سووک بکرێت. بە درێژایی 10 سـاڵی داهاتوو، دەبێت ئێران وابەستەی ڕێکەوتنەکە بێت بەر لەوەی سزای دیکەشی لەسەر لاببرێت، لەوانە پـێـنج سـاڵ بۆ قەدەغەکردنی پەیوەست بە چەک و هەشت ساڵ بۆ قەدەغەکردنی پەیوەست بە موشەکی بالیستی.

هەموو ئەمانە لە بڕیارێـکی نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژه‌یان پێ دەکرێت و جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه‌. ئەگەر هاتوو ئێران ڕێکەوتنەکەی پـێشـێلکرد، ئەوا هەموو سزاکان سەرلەنوێ دەسەپـێنرێنەوە. بۆیە هاندەرێـکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ئێران هەیە تاوەکو بەردەوام بێت لە وابەستەیی خۆی بە ڕێکەوتنەکە، وه‌ هەر پـێشـلکاریـیەک بکات، ئەوا زۆر بە ڕژدی ڕووبەڕووی ئاکامەکانی دەبێتەوە.

ئەمە ڕێکەوتنەکەیە. کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە تەواوی پاڵپشـتی دەکات. کۆنگرێسیش بواری ئەوەی هەیە بە وردەکاریـیەکانی بچێتەوە، وە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەم ئامادەیە ڕوونکردنەوەی ته‌واو بدات لەسەر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ چۆن بەرەو پـێشەوە ده‌ڕوات.

لەو کاتەی خەڵکی ئەمەریکا و کۆنگرێس بە ڕێکەوتنەکەدا دەچنەوە، گرنگە بیریش لە ئەلتەرناتیڤەکەشی بکەنەوە. بیربکەنەوە جیهان بەبێ ئەم ڕێکەوتنە چی بەسەردێت. بەبێ ئەم ڕێکەوتنە هیچ سیناریۆیەک نیـیە بۆ ئەوەی جیهان بێتە پاڵمانەوە بۆ سەپاندنی سـزا بەسەر ئێران تاوەکو بەرنامە ناوکیـیەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. نازانین ئێران بە سانایی لە ژێر فشارێکی لەو جۆرە خۆی بەدەسـتەوە دەدات یان نا. جیهانیش پشـتیوانی لە هەوڵێـک ناکات بۆ سەپاندنی سزای هەمیشەیی بۆ سەر ئێران تاوەکو خۆی بەدەسـتەوە بدات. سزامان سەپاند بۆ ئەوەی بە ڕێگەچارەیەکی دیپـلۆماسی بگەین، وە ئەوەش ئەوەیە کە ئه‌نجاممانداوه‌.

بەبێ ئەم سه‌ودایه‌، هیچ ڕێکه‌وتنێک نابێت بۆ دانانی بەرەبەست لە بەردەم بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران. ئێران دەتوانێت سەنتەرفیوجی زیاتر دروسـتبکات و بیانخاتە کارەوە. ئێران دەتوانێت ڕیاکتەر بخاتە گەڕ بە شێوەیەک پلۆتۆنیۆمی پێ بەرهەم بهێنێت بۆ دروسـتکردنی بۆمب. ئێمەش هیچ بوارێکمان بۆ پشـکنین نابێت تاوه‌کو بزانین ئایا ئێران بەرنامەی نهێنی هەیە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی یان نا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت نەبوونی ڕێکەوتن مانای ئەوەیە هیچ بەربەستی به‌رده‌وام لە بەردەم بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێراندا نابێت.

سیناریۆیەکی لەو جۆرە بۆ هەیە وەها لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بکات ئەوانیش بیربکەنەوە لە بەرنامەیەکی ناوکی بۆخۆیان. ئەمەش دەبێتە پـێشبڕکێـیەکی خۆپـڕچەککردن لەم ناوچە هەرە ئاڵۆزەی جیهاندا و مەترسی ئەوەی لێدەکرێت پـشبڕکێیەکی چەکی ناوکی لێبکەوێتەوە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وەها لە ئەمەریکا دەکات بژارەی کەم و کەم کاریگەری لە بەردەسـتدا هه‌بێت بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی.

ئێسـتا من سەرۆک و فەرماندەی گشتیم بۆ زیاتر لە شەش سـاڵ، چەندان جار لەوەدا بووم بڕیار بدەم هێزی لەشکری بەکاربهێنرێت یان نا. ئەوە قورسترین بڕیارە کە هەر سەرۆکێـک بیدات. زۆر جار بڕیارم داوە هێزی لەشکری لە چەندان وڵات بەکاربهێنرێت. هەرگیز لەوەدا دوو دڵ نەبووم و هەرچ کاتێـک بۆ ئاسایشی نەتەوەیـیم بە گرنگ زانیوە به‌کارم هێناوه‌. ئێسـتا من زۆر بە باشی بڕوام وایە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیـیماندایە ڕێگە لە ئێران بگیرێت لەوەی ببێتە خاوەن چەکی ناوکی، ئەمەش مانای ئەوەیە بەبێ چارەسەری دیپـلۆماسی، ئەوا من یان هەر سەرۆکێـکی دیکەی ئەمەریکا لە داهاتوو لە بەردەم ئەم دوو بژارەیەدا دەبین، ئەویش یان ڕێگە بده‌ین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی یانیش لەشکرەکەمان بەکاربهێنین بۆ ڕاگرتنی.

بە ڕوونی، نەبوونی ڕێکەوتن مانای ئەوەیە بواری زیاتر بۆ هەڵگێرساندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە هیچ شتێـک لەدەسـت نادەین بە تاقیکردنەوەی ئەوەی ئایا دەکرێت ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی ئاشتیـیانە چارەسەربکەین یان نا. خراپـترین سیناریۆ ڕووبدات، ئەوەیە ئێران ڕێکەوتنەکە پـێشێلبکات، هەمان ئەو بژارانەی ئەمڕۆ لە بەردەستدا هەن لە داهاتووشدا له‌ به‌رده‌ستی هەر سەرۆکێـکی دیکەی ئەمەریکا دەبن. من هیچ گومانم لەوەدا نیـیە ئەو کەسەی لە ئێسـتاوە هەتا 10 بۆ 15 سـاڵی دیکە لە کۆشکی سپی دەبێت، ئەوا لە پـێـگەیەکی زۆر بەهێزدا دەبێت و ئێرانیش زیاتر لە بەدەسـتهێنانی چەکی ناوکی دورتردەبێت و بە پشـکنین و شه‌فافیه‌ت دەتوانین چاودێری بەرنامەکەی ئێران بکەین.

لەبەر ئەم هۆیە، پـێموایە کارێـکی نابەرپرسانە دەبێت واز لەم ڕێکەوتنە بهێنین، بەڵام مەسەلەیەکی وەها قورس، زۆر گرنگە گەلی ئەمەریکا و نوێنەرانی لە کۆنگرێس بواری ئەوەیان هەبێت پـیاداچوونەوە بە ڕێکەوتنەکەدا بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا وردەکاریـیەکانیش گرنگن. ئێمە ژمارەیەک لە باشترین زانایانی ناوکی جیهانمان هەیە که‌ کار لە وردەکاریـیەکانی ڕێکەوتنەکە دەکەن. ئێمە مامەڵە لەگەڵ وڵاتێـکدا (ئێران) دەکەین کە بەرهەڵستێـکی سەر سەختی ئەمەریکا بووە به‌ درێژایی زیاتر لە 35 سـاڵ. بۆیە من پـێشوازی لە سـازکردنی وتووێژی بەسوود لەم بارەیەوە لە کۆنگرێس دەکەم و هه‌روه‌ها پـێشوازی له‌ تاووتوێکردنی وردەکاریـیەکانی ڕێکەوتنەکە ده‌که‌م.

بەڵام بە بیر کۆنگرێسی دەهێنمەوە که‌ تۆ ڕێکەوتنی لەو جۆرە لەگەڵ دۆسـتانت ناکەیت. ئێمە بۆ گەیشـتن بە ڕێکەوتننامەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک دانوسـتاندنمان لەگەڵ یەکێتی سۆڤێتدا کرد، کاتێـک بڕیاری دابوو لەناومان ببات. ئێسـتا ئەو ڕێکەوتنانە وەهای لە ئێمە کردووە زیاتر پارێزراوتر ببین.

من دڵنیام ئەم ڕێکەوتنە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و هاوپەیمانانمانە. بۆیە من مافی ڤیتۆ لە دژی هەر پـرۆژە بڕیارێـک بەکاردەهێنم کە ببێتە مایەی ڕێگەگرتن لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ڕێکەوتنەکە.

ئێمە ناچار نین بچینە نێو گێژاوی شه‌ڕێکه‌وه‌، وه‌ بێ گومان ده‌بێت نەمانەوێت. بە وردی چونکە مەترسیـیەکان زۆرن. ئەمە کاتی سیاسەت و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن نیـیە. قسەی ڕەق لە واشنتنەوە کێشەکان چارەسەر ناکەن. دیپـلۆماسیـیەت و سەرکردایەتیـیەک کە زلهێزانی جیهانی یەکگرتوو بکات کاریگەرترین ڕێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران بە دوای بەدەسـتهێنانی چەکی ناوکی ناکەوێت.

ئێستا، ئەمە مانای ئەوە نیـیە ئەم ڕێکەوتنە هەموو ناکۆکیـیەکانمان لەگەڵ ئێراندا چارەسەر دەکات. ئێمە لەگەڵ نیگەرانیـیەکانی زۆرێـک لە دۆسـتانمانین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، سەبارەت بەوەی ئێران پشـتیوانی لە تێرۆرزم دەکات و وەکیلەکانی بۆ تێـکدانی سەقامگیری ناوچەکە بەکاردەهێنێت. لەبەر ئەم هۆیە ئەم هەنگاوە دەنێین، چونکە ئێرانێـکی خاوەن چەکی ناوکی زیاتر ناسەقامگیری دەنێتەوە و زیاتریش جێی مەترسی دەبێت بۆ دۆسـتانمان و هەموو جیهان.

لە هەمان کاتدا، ئێمە سزا تایبەتەکانی خۆمان بۆ سەر ئێران وەکو خۆیان دەهێڵینەوە، ئەوانەی لەسەر پشـتیوانیکردنێتی لە تێرۆرزم، بەرنامەی موشەکی بالیستی، پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵە بێ پـێشینەیـیەکانمان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئیسرائیل، کۆمه‌ڵە هەوڵێـک که‌ هیچ بەڕێوەبەرایەتیـیەکی پـێشووی ئەمەریکا نەیداوه‌. بەردەوام دەبین لە کارکردن لەوەی لە کەمپ دەیڤد دەسـتمانپـێکرد لە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لە ئێرانەوە بێت یان گروپه‌ تێرۆرسـتیـیه‌کانی وەکو داعش.

هەرچەندە، پـێموایە دەبێت بەردەوام بـبین لە سەرنجدان لەوەی ئایا ئەو ناوچەیە کە ناسراوە بەوەی مەینەتی و خوێن ڕشتنی زۆری دیوە، دەکرێت بە ئاڕاستەیەکی جیاواز بڕوات یان نا.

گەلێـک جار بۆ خەڵکی ئێرانم ڕوونکردووەتەوە ئێمە هەمیشە کراوه‌ین به‌ ڕووی پەیوەندی باش که‌ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتن لە یەکتری بێت. جیاوازیـیەکانمان ڕاستەقینەن و مێژووی تاڵی نێوانمان ناکرێت پشـتگوێ بخرێت، بەڵام شیانی هه‌یه‌ بگۆڕێت. ڕێبازی توندوتیژی و ئایدیۆلۆژیەتی وشک و سیاسەتێـکی دەرەوەیی لەسەر بنەمای هەڕەشە بە هێرشکردنە سەر دراوسێکان و نەهێشـتنی ئیسرائیل، ئەمانە لە ڕێڕه‌وێکی داخراودان. ڕێبازێـکی جیاواز که‌ لێبورده‌یی تێدابێت و کێشه‌کان به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ربکرێن، دەبێتە مایەی زیاتر تێکەڵاوبوون بە ئابوری جیهان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئێران توانای دەبێت به‌ره‌وپـێشه‌وه‌ بڕوات و سەرکەوتوو ببێت.

ئەم ڕێکەوتنە هەلێـک دەڕەخسێنێت بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەیەکی نوێدا. بۆیە دەبێت ئەم هەلە بقۆزینەوە.

هەنگاوی زۆرمان بڕی بۆ ئەوەی بەم ساتە بگەین، له‌ پاش دەیان ساڵ لە بەرنامەی ناوکی ئێران و چەندان ساڵ لە سەپاندنی سزا و چەندان مانگ لە وتووێژی چڕ. ئەمڕۆ دەمەوێت سوپاسی ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارت بکەم، ئەوانەی یارمەتیـیان دا لە سەپاندنی سزاکانی کاریگەری باشیان هەبوو، هەروەها سوپاسی ئەو وڵاتانەش دەکەم کە لەم هەوڵەدا هاتنە پاڵمانەوە.

سوپاسی هاوکارنمان لە دانوسـتاندنەکان دەکەم، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، چین، هەروەها یەکێتی ئەوروپا، به‌ یەکگرتوویمان لەم هەوڵە نیشـانمان دا جیهان دەتوانێت شتی باش بکات کاتێـک تێڕوانینی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌کردنی ناکۆکیـیه‌کان به‌ ڕێگه‌ی ئاشتیـیانه‌. نیشانمان دا کە ئێمە دەتوانین چی بکەین کاتێـک پارچه‌ پارچه‌ نەبین.

لە کۆتایـیدا، دەمەوێت سوپاسی تیمی دانوسـتاندکاری ئەمەریکایی بکەم. تیمێـکمان لە شارەزایان هەبوو کە بۆ چەندان هەفتە بوو لەسەر یەک کاریان ده‌کرد، لەوانە وەزیری وزەکەمان ئێرنیست مۆنیز. دەشمەوێت بە تایبەتی سوپاسی جان کێری وەزیری دەرەوەمان بکەم کە پـێش زیاتر لە 40 سـاڵ لەمەوبەر خزمەتی ئەم وڵاتەکەی کردووە کاتێـک جلی سەربازی کردە بەر و بەرەو شەڕ ڕۆیشت. ئێسـتا ئەم وڵاتە پارێزراوتر دەکات لە ڕێگەی وابەستەیـیه‌یه‌ به‌هێزه‌که‌یه‌وه‌ و پـرنسیپەکانی دیپـلۆماسیـیەتی ئەمەریکایی.

مێژوو نیشانی داوه‌ دەبێت ئەمەریکا نەک تەنها بە هێز له‌ پـێشه‌نگدابێت، بەڵکو بە پرنسیپەکانیشمانه‌وه‌. نیشـانی بدات ئێمە بەهێزین نەک که‌ بە تەنها ده‌بین، بەڵکو کاتێـک جیهانیش پـێکه‌وه‌ کۆدەکەینەوە. ڕاگەیاندنی ئەمڕۆ لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ لە پـێناو گەیشتن بە جیهانێـکی ئارام و به‌سوودتر و پـڕ لە هیوا.

سوپاستان دەکەم. خودا بتانپارێزێت. و خودا ئەمەریکا بپارێزێت.

XS
SM
MD
LG