Accessibility links

سیناتۆره‌کانی ئه‌مه‌ریکا داواده‌که‌ن چه‌ک ڕاسته‌وخۆ به‌ پێشمه‌رگه‌ بدرێت

  • Shayan Pasha

کۆمیتەی هێزە چه‌کداره‌کانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا رۆژی سێشەممە 7ی مانگی حەوت، دانیشتنێکی تایبه‌تی گه‌واهیدانی سازکرد سه‌باره‌ت به‌ ستراتیژیه‌تی وڵاته ‌یه‌کگرتۆکانی ئەمەریکا لە شەڕی دژی‌ داعش لە عێراق و سوریا که‌ هه‌ردوو ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا و ژەنەراڵ مارتن دێمپسی سەرۆکی ستوونه‌ هاوبەشەکانی له‌شکری ئه‌مه‌ریکا بۆ گه‌واهیدان لێی ئاماده‌بوون.

جۆن مه‌ککه‌ین سه‌رۆکی کۆمیته‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئه‌نجومه‌نی سینات که‌ به‌خۆی ڕه‌خنه‌گرێکی تونده‌ له‌ سیاسه‌تی سه‌رۆک ئۆباما به‌رامبه‌ر به‌ داعش گوتی که‌ دێته‌ سه‌ر شه‌ڕی داعش قسه‌کانی سه‌رۆک ئۆباما وا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئێمه‌ به‌ هه‌زاره‌ها هێرشی ئاسمانیمان ئه‌نجامداوه‌ که‌ بوونەته‌ مایه‌ی کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کدارانی داعش و له‌ناوبردنی مۆڵگه‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیان و وه‌ده‌رهێنانیان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ک، به‌ڵام هیچ له‌و پێشکه‌وتنانه‌ی که‌ سه‌رۆک ئاماژه‌ی پێداوه‌ ئه‌وه‌ ڕاناگه‌یه‌نێت که‌ ئێمه‌ ‌ئاڕاسته‌ی سه‌رکه‌وتنمان گرتۆته‌به‌ر.

جێی باسه‌ له‌وه‌تای هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمان له‌ ساڵی پاره‌وه‌ دژ به‌ داعش ده‌ستیپێکردووه‌، ئه‌و گروپه‌ به‌رده‌وامن له‌ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناوچه‌ی گرنگ که‌ بریتین له‌ کۆنتڕۆڵکردنی رومادی له‌ عێراق و داگیرکردنی زیا له‌ نیوه‌ی خاکی سوریا و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زۆربه‌ی خاڵه‌ سنورییه‌کانی نێوان سوریا و عیراق.

سیناتۆر جۆن مه‌ککه‌ین گوتی هەتا کاتی زیاتری پێبچێت بۆ شکستهێنان به‌ داعش له‌ عێراق و سوریا ئه‌وا په‌یامی زیاتر ڕه‌وانه‌ی تۆندڕه‌وان له ‌سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بچنه‌ پاڵیانه‌وه‌، و نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێچ کارێکمان نه‌کردووه‌ به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاومان به ‌هێج به‌ڵگه‌یه‌کی باوڕپێکراو نه‌که‌وتووه‌ که‌ ئه‌و کاره‌ی ئێمه‌ ده‌یکه‌ین له‌ ئێستاکه‌دا به‌ گوێره‌ی پێویسته‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کان بۆ لاوازکردن و له‌ناوبردنی داعش.

سیناتۆر جۆن مه‌ککه‌ین گوتیشی ئێمه‌ پێشتر ئه‌م فلیمه‌مان بینیوه‌ و ئەگه‌ر هه‌مان هه‌ڵه‌ دووبارەبکەینەوە، ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌مان ده‌رئه‌نجامی تراژیدی بین. گوتیشی ده‌کرێت و ده‌بێت داعش له‌ناوببرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌رگیز ڕوونادات ئەگه‌ر خۆمان به‌ ستراتیژیـیەکەی ئێستامان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنین.

له ‌به‌رامبه‌ر به‌ قسه‌کانی سیناتور مه‌ککه‌ین، ئا‌شتۆن کارته‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ر‌یکا ئاماژه‌یدا که‌ وڵاته ‌یه‌کگرتۆکانی ئه‌مه‌ریکا ستراتیژیه‌تێکی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش گرتۆته‌به‌ر که‌ له‌ 9 خاڵ پێکهاتووه.‌

وه‌زیری به‌رگری گوتی یه‌که‌میان و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ هه‌وڵه‌ سیاسییه‌کانه‌ که‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا گرتویه‌ته‌ ئه‌ستۆ بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی گشتگیر و فڕه ‌تایه‌فی و کاریگه‌ر له‌ عێراق و له‌ هه‌مان کاتدا له‌ ڕێی دیپـلوماسیه‌ته‌وه‌ یارمه‌تی ده‌ده‌ین له‌ قوناغی گواستنه‌وه‌ی حوکمڕانی له‌ سوریا له‌ به‌شار ئه‌لئه‌سه‌دی سه‌رۆکی سوریاوه‌ بۆ حکومه‌تێکی زیاتر گشتگیر و فره‌لایه‌نه‌ که‌ کاریگه‌ربێت بۆ له‌ناوبردنی داعش.

هه‌روه‌ها سنووردارکردن و نه‌هێشتنی ده‌ستڕاگه‌یه‌شتنی داعش به‌ داڵده‌یه‌کی ئارام. به‌هێزکردنی هاوکاره‌کانمان له‌ عێراق و سوریا که ‌هه‌وڵه‌کان بریتین له‌ مه‌شقپێکردن و ڕاهێنان و راوێژکاری که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگرییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کریت.

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا به‌ خاڵه‌کانی تر که‌ بریتیبوون له‌ به‌هێزکردنی و زیاکردنی زانیارییه‌کانی هه‌واڵگری که‌ ده‌زگای به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی تیروزمی ئه‌مه‌ریکا ڕیبه‌رایه‌تی ده‌کات و هه‌روه‌ها سنووردارکردنی و بڕینی یارمه‌تییه‌ داراییه‌کان بۆ داعش که‌ ئه‌ویش وه‌زاره‌تی خه‌زینه‌ی ئه‌مه‌ریکا جێبه‌جی ده‌کات و هه‌روه‌ها به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی و لاوازکردنی هێڵه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کانی داعش و نه‌هێشتنی دزه‌کردنی چه‌کداره‌ بیانییه‌کان بۆ نێو ریزه‌کانیان.

خاڵه‌کانی تری ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌رامبه‌ر داعش بریتین له‌ دابینکردنی یارمه‌تی مرۆیی بۆ ئه‌وانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ قایمکردن و به‌هێزکردنی ڕێوشۆێنه‌کانی گیراونه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنی ئاسایش له‌ناو خاکی ئه‌مه‌ریکا.

که ‌هاته‌ سه‌ر گه‌واهیدانی جه‌نه‌راڵ مارتن دێمپـسی سه‌رۆکی ستونه‌ هاوبه‌شه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ‌باره‌ی ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریکا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش گوتی ڕه‌وشی جیهان ئێجگار نادیارو ئاڵۆزه‌ به‌راورد به‌هه‌ر کاتێکی تر که‌من به‌دیم کردبێت، و ئێمه‌ زۆر به‌خیرایی چاومان به‌ گوڕانکاری به‌رچاو که‌وتووه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا و ئه‌ڵبه‌ته‌ داعش یه‌کێکه‌ له‌و نیگه‌رانییه‌ زۆرانه‌ی‌ که‌ هه‌روه‌ها بریتین له‌ ڕووسیا ، چین، ئێران، کۆریای باکور و ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست‌.

جه‌نه‌ڕاڵ دیمپـسی گوتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ سێ ڕه‌وشی ئاڵۆز بکەین که‌ ئه‌ویش یه‌که‌میان ژماره‌یه‌ک له‌ حکومه‌ته‌کان مافی ڕه‌وایی حوکمڕانیان له‌ده‌ستداوه،‌ چۆنکه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ حکومه‌تی گشتگیر و فره‌لایه‌نه‌ نین و یا به‌ گۆیره‌ی پێویست به‌رپرسیار نین به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتییه‌کانیان.

دووه‌م ململانه‌ی نێوان شیعه‌و سوننه‌کان که‌ له‌ مێژه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌م دواییه‌دا زه‌قتربۆته‌وه‌. حکومه‌ته‌ لاوازه‌کان که‌متر ده‌توانن بێ لایه‌نبن له‌ میانه‌ی ئه‌و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌ی له ‌نێوان زلهێزه‌کانی هه‌رێمی زیادیکردووه‌.

سێهه‌م : زیادبوونی پێشبڕکێ له ‌نێوان ئیسلامییه‌ ڕادیکال و میانڕه‌وه‌کان که‌ لایه‌نه‌کانی تر سوودیان له‌و پێشبڕکێـیه ‌وه‌رگرتووه‌.

جه‌نه‌ڕاڵ دیمپـسی هه‌روه‌ها گوتی ئه‌ڵبه‌ته‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و به‌ڕه‌نگارییانه‌، له‌شکر ناتوانێت به‌ته‌نها ئه‌و کاره‌بکات و‌ تێکرای 9 خاڵه‌کانی تری ستراتیژیه‌ته‌که‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجی زاڵبوون به‌سه‌ر داعش سه‌ربگرێت.

جێی ئاماژه‌یە‌، له‌و گه‌واهیدانه‌، یه‌کێك له ‌ته‌وه‌ره‌کانی باسکران له‌و گه‌واهیدانه‌ بریتیبوو له‌ مه‌سه‌له‌ی ناردنی چه‌ک به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌. ژماره‌یه‌ک له‌ سیناتۆره‌کان که‌ له‌و گه‌واهیدانه‌ ئاماده‌بوون نیگه‌رانیان ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی له‌م ده‌مه‌ی کورد خواستی شه‌ڕکردنیان دژ به‌ داعش هه‌یه‌ ناکرێت ڕاسته‌وخۆ چەکیان بۆ دابینبکرێت بۆ بەرگریکردن له‌ خۆیان.

له‌ وه‌ڵامدا وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا گوتی ئێمه‌ له‌ ڕێی حکومه‌تی ناوه‌ندی عیراقه‌وه‌ چه‌کمان بۆ کورده‌کان دابینکردووه‌ و ئه‌وان به‌و ڕێگه‌یه‌‌ وه‌ریانگرتووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر به‌کاریانهێناوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ک له‌ سیناتۆره‌کانی ئه‌مه‌ریکا پێیان وابوو‌ که‌ ده‌بێت ڕاستوخۆ چه‌ک به‌ پێشمه‌رگه‌ بدرێت. جوونی ئیرنست سیناتۆری ویلایه‌تی ئایە‌وا گوتی من هێشتا له‌و باوڕه‌دام که‌ به‌ راویژکردن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ کورده‌کان چه‌ک وه‌ربگرن . گوتیشی پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا کاری زیاتر بکات بۆ پشتیوانکردنی ‌هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و ستراتیژیه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ بگوڕێت که‌ خواستیان هه‌یه‌ شه‌ڕی داعش بکه‌ن.

ئا‌شتۆن کارته‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا له‌ وه‌ڵامدا گوتی نه‌ک به‌ ته‌نها وڵاته‌ یه‌کگرتۆکانی ئه‌مەریکا به‌ڵکۆ ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتانی تر و له‌وانه‌ ئه‌ڵمانیا چه‌ک بۆ کورده‌کان ده‌نێرن به‌ڵام ئێمه‌ هه‌روه‌ها ده‌مانه‌ویت ئه‌و پرینسیپه‌ش بپارێزین که‌ عێراق وڵاتێکی یه‌کگرتووه‌‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن گه‌واهیدانه‌که‌ی کۆمیته‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئه‌نجومه‌نی سیناتی ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به‌ ستراتیژیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش زیا له‌ سێ کاژێری خایاند.

XS
SM
MD
LG