Accessibility links

هه‌له‌و واشنتن: ستراتیژیـیەتی درێژخایەنی سەرۆک ئۆباما بۆ شەڕی داعش

  • Haider Kareem

سەرۆک ئۆباما ڕۆژی دووشەممە سەردانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای کرد و لەوێ لەگەڵ ئاشتون کارتەر و کاربەدەسـتانی باڵای لەشکری کۆبووەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی شەڕی دژی داعش.

سەرۆکی ئەمەریکا پاش کۆبوونەوەکە گوتی شەڕی دژی داعش بە پەلە ناکرێت و شەڕێکی درێژخایەن دەبێت و پـێویستە لەسەر زەوی هێزە خۆجێـیەکان ئەنجامی بدەن. جەختی لەسەر ئەوەش کرد ئەمەریکا هێزی شەڕکەری خۆی بۆ ئەم شەڕە ڕەوانە ناکات.

ستراتیژیـیەتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما ئەوەیە داعش لاوازبکرێت و پاشان لەناوببرێت، بۆیە مەزەندە دەکرێت ئەم شەڕە چەند سـاڵێـک درێژە بکێشێت.

هەرچەندە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هەن ڕەخنە و تێبیـنیان لەسەر ئەم ستراتیژیـیەتە هەیە و پـێـیان وایە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام سەرۆک ئۆباما سوورە لەسەری.

هەروەها لە ناوچەکەش نەک هەر تەنها ڕەخنە لەسەر ئەم ستراتیژیـیەتە هەیە، بەڵکو هەن بە چاوی گومانەوە لە مەسەلەکە دەڕوانن، دەڵێن هاوپەیمانێتیـیەکی وەها گەورەی 60 دەوڵەتی کە زۆربەیان خاوەنی لەشکری بەهێزن ئەگەر مەبەستیان بێت، ئەوا بە ماوەیەکی زۆر کورت هەموو ناوچەکانی ژێر دەسـتی داعش ڕزگاردەکەن.

پـرسیار لێرەدا، ئایا ئەمەریکا پەندی لە شەڕی ئەفغانسـتان وەرگرتووە کە کاتی خۆی تاڵیبانی لە دەسەڵات لادا، بەڵام هێشـتا لە وڵاتەکە ماوەتەوە؟
ئاکامی ئەم شەڕە بۆ سەر خەڵکی کوردسـتان چی دەبن کە بەشێکی گەورەی ئەرکی ئەم شەڕەیان کەوتووەتە سەر شان؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
دکتۆر کرمانج گوندی، پـرۆفیسۆر لە زانکۆی تێنسی سـتەیت.
تەها سلێمان، نووسەر و چاوێری سیاسی لە هەولێر.

XS
SM
MD
LG