Accessibility links

ئاڵۆزی بارودۆخى ئاسایشی لە خورماتوو


بارودۆخى ئەمنى قەزاى خورماتوو هەتا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و دۆخەكە بەرەو تەقینەوە دەڕوات ، بە شێوەیەک تەنها لە ماوەى دوو رۆژى ڕابردوودا 3 پۆلیسى عەرەبى سووننە و گەنجێكى كورد كوژراون و تەقە لە ماڵى 10 خێزانى توركمانى شیعە مەزهەبى قەزاكەش كراوە.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هەندێک كوردى سەلەفى توندڕەو و توركمانى شیعە مەزهەب دەیانەوێت شەڕى مەزهەبى هەڵبگیرسێنن و وەها بڕوات دۆخەكە دەتەقێتەوە."

هاوكات كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەكێتى، ئاشكرایكرد هێزیان بردووەتە نێو خورماتوو و بە هێز ڕێگە لە كوشتن و ڕفاندنى دانیشتوانى قەزاكە دەگرن.

سەبارەت بەو چەكدارە توركمانانەى سەر بە حەشدى شەعبین كە تۆمەتبارن بە دەست هەبوون لە كوشتن و ڕفاندنى عەرەبى سووننەى دانیشتووى خورماتودا ، دەڵێت"وەكو داعش لەو چەكدارە توركمانانە دەڕوانین كە خەڵک دەكوژن و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنە توركمانیەكاندا قسە دەكەین، لە هەركوێ‌ دەستمان بەو چەكدارە توركمانانە بگات كە تۆمەتبارن بە كوشتن و ڕفاندنى خەڵک، تەقەیان لێدەكەین و دەیانكوژین."

بەپێى وتەى مەلا كەریم، هەر زانایەكى ئاینیش لە ڕێگەى مزگەوتەكانەوە جا كورد بێت یان هەر نەتەوەیەكى تر فكرەى توندڕەوى بڵاو بكاتەوە دەستگیرى دەكەن.

ئاڵۆزتربوونى ڕەوشى ئەمنى قەزاى خورماتوو ، لە كاتێكدایە لایەنە كوردى و لایەنە توركمانیە شیعەكانى قەزاكە چەند جارێک بۆ هێوركردنەوەى دۆخەكە كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە ، بەڵام كۆبوونەوەكانیان هیچیان لێ‌ سەوز نەبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:03 0:00

XS
SM
MD
LG