Accessibility links

خورماتوو: پۆلیس 4 چەكدارى حەشدى شەعبى دەستگیردەکات كە تۆمەتبارن بە كوشتنى كوردێک


پـۆلیسى فریاكەوتن 4 چەكدارى حەشدى شەعبى دەستگیركرد كە ئەو چەكدارانە تۆمەتبارن بەوەى شەوى ڕابردوو كوردێكى دانیشتووى قەزاى خورماتوویان كوشتووە و یەكێكى تریشیان بریندار كردووە، هاوكات 5 چەكدارى ترى حەشدى شەعبى لە نێو ئەو قەزایەدا درانە بەر دەستڕێژى گوللە و برینداركران.

عەبدوڵڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتووى هێزى پێشمەرگە بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" 4 چەكدارى حەشدى شەعبى تەقەیان لە 2 هاوڵاتى كورد كردووە، لە ئەنجامدا یەكێكیان كوژراوە و ئەوی تریشیان برینداربووە ، چەكدارەكانى حەشدى شەعبیش كە یەكێكیان برینداربووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراون."

هەر بەپێى وتەى عەبدوڵڵا بۆر بە چەند خولەكێک دواى ڕووداوەكە لە نێو قەزاى خورماتوودا ، چەند چەكدارێكى نەناسراو تەقەیان لە 5 چەكدارى ترى حەشدى شەعبى كردووە و سەرجەمیان برینداركردوون.

هاوكات محەمەد حاجى عومەر بەرپرسى كۆمیتەى ناحیەى قەرەتەپەى یەكێتى بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"شەوى ڕابردوو داعش ناحیەى قەرەتەپەیان هاوەنباران كردووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک خێزان ماڵەكانیان بەجێهێشتووە."

كوژران و برینداربوونى 2 هاوڵاتى كورد لەسەر دەستى چەكدارەكانى حەشدى شەعبى ، لە كاتێكدایە ئەو چەكدارانە تۆمەتبارن بە دەست هەبوون لە كوشتن و ڕفاندنى دەیان عەرەبى سونەى دانیشتووى خورماتوودا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:44 0:00

XS
SM
MD
LG