براک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی کوشتنکاریـیەکەی نێو کڵێسای چارلستۆنی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا سەرزەنشتکرد و بە تراژیدیایەکی زۆر ناخۆش ناودێریکرد.
سەرۆک ئۆباما ڕۆژی پـێـنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشـکی سـپی گوتیشی دەکرێت سنوورێـک بۆ ئەم جۆرە تراژیدیایانە دابنرێت و ڕێگە لە هۆکارەکانی بگرن. گوتیشی هەستی کینەیی هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و بەها دیموکراتیـیەکانی ئەمەریکا دروسـتدەکات.
سەرۆک ئۆباما باسی لەوەش کرد کڵێسای چارلستۆن یەکێـکە لە سمبوڵەکانی نەهێشـتنی کۆیلایەتی لە ئەمەریکا و ئەو کڵێسایە یەکەم کڵێسای ڕەش پـێستیش نەبووە هێرشی بکرێتەسەر.
هەروەها باسی لە گرنگی کۆنترۆڵکردنی چەکی لە وڵاتەکەدا کرد و ڕێسا و یاسای باشتر بۆ فرۆشتنی چەک لە بازاڕەکاندا دابنرێن.
جێی ئاماژەیە شەوی چوارشەممە گەنجێـکی سپی 9 کەسی لە نێو کڵێسای چارلستۆنی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا کوشت کە زۆربەی ئەوانەی سەردانی دەکەن لە ڕەش پـێستەکانن.