Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا: ته‌لعه‌ت تاهیر

  • Balen Salih

ته‌لعه‌ت تاهیر

ته‌لعه‌ت تاهیر

قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی داهێنه‌رانه‌ ده‌نوسن و هێشتا له‌ ژیاندان به‌لای به‌نده‌وه‌ کارێکی سانا نییه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌یه‌ی دڵنیایت له‌وه‌ی به‌خششی نوسین و داهێنانیان به‌رده‌وامییان هه‌ن.

ته‌لعه‌ت تاهیر له‌ وێنه‌یه‌کی شیعریدا به‌ مێژووی پڕ له‌ حه‌سره‌تی خۆمان ئاشنامان ده‌کات و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نایبینین ئه‌و وێنه‌که‌ی ده‌خاته‌ به‌ر چاومان:

"ئه‌بجه‌دیه‌تیش تێمانناگا : له‌ ئه‌لفه‌وه‌ براكوژی ده‌كه‌ین ،
له‌ یائه‌وه‌ خۆشه‌ویستی.
هه‌میشه‌ له‌ هه‌مان ڕوبار مه‌له‌ ده‌كه‌ین:
پشته‌ملی مێژوو ده‌خوێنینه‌وه‌ ،
كه‌چی گله‌یی له‌ دنیا ده‌كه‌ین : روخساری خۆیمان نیشان نادا"

خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی (ته‌لعه‌ت تاهیر) بۆن و به‌رامه‌ و تام و چێژێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ جیاواز له‌وانی پێش خۆی و به‌رده‌وام له‌ واڵاییه‌ک و له‌ پانتاییه‌کی به‌رفراواندا یاری له‌گه‌ڵ وشه‌کاندا ده‌کات و جیهانێک بۆ خۆی پێکده‌هێنێت ته‌نانه‌ت ژیاره‌که‌شی له‌ ژیاره‌کانی تر ناچێت.

"له‌م وڵاته‌ی تیایدا ده‌رمانه‌كانیش نه‌خۆشن ،
ده‌بێ‌ ڕاست بێت:
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی لای خه‌ڵكه‌ ،
مه‌زنتره‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی لای ده‌سه‌ڵاته‌ ؟
دڵگرانم به‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵامه‌ی لای منه‌ ، مێژوو پێچه‌وانه‌كه‌ی سه‌لماندووه."

ناتوانم نکوڵی له‌وه‌ بکه‌م که‌ ئه‌مڕۆ، مه‌خابن هه‌ندێک شیعر به‌ره‌و لێواره‌کانی کاره‌سات ده‌به‌ن و دوور له‌ هه‌موو پره‌نسیپێکی شیعری ، بابه‌تگه‌لێک ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م خوێنه‌رانیان ده‌شێت هه‌موو شتێک بن ته‌نها شیعر نه‌بێت و ئه‌مه‌ش گێره‌شێوێنی و ئاشوبێکی گه‌وره‌ی له‌ناو شیعردا دروستکردووه‌.

به‌ڵام کاتێک چاوت ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شیعرێک یان وێنه‌ شیعریه‌کی (ته‌لعه‌ت تاهیر) ئه‌وا ده‌سبه‌جێ زۆربه‌ی خوێنه‌ری ڕژد ئاهێکی پێدا دێته‌وه‌ و هه‌ست ده‌کات که‌وتۆته‌وه‌ ناو جیهانه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی شیعر و له‌ به‌رده‌م زمان و موزیک و ڕه‌هه‌نده‌کانی شیعری ئه‌م شاعیره‌ماندا ڕاده‌مێنێت و سه‌رێکی بۆ ده‌له‌قێنێت و له‌ ژێر لێوه‌وه‌ ده‌ڵێت ده‌ستخۆش. مرۆڤ بوون لای ئه‌م شاعیره‌مان چی ده‌گه‌یه‌نێت؟

ته‌لعه‌ت تاهیر

ته‌لعه‌ت تاهیر

مانا چ جۆره‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌یه‌ لای ته‌لعه‌ت تاهیر؟ ئایا تێگه‌یشتن له‌ مانا هه‌ر به‌ باره‌ باوه‌که‌یه‌تی؟

ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌فسانه‌کان، بۆ مێژوو ئاڕاسته‌ی ته‌لعه‌ت تاهیر نیشان ده‌دات یان ده‌قه‌کانیه‌تی ئاڕاسته‌ی مێژوو ده‌که‌ن؟

(ته‌لعه‌ت تاهیر) له‌ به‌رنامه‌ی (ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه‌:

XS
SM
MD
LG