کاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی عێراق ده‌ڵێن دوو ئۆتۆمبێل له نزیک دوو ئوتێلی پێنج ئه‌ستێره‌یی به‌غدای پایته‌ختدا ته‌قیونه‌ته‌وه و ژماره‌ی کوژراوه‌کان گه‌یشتۆته 15 که‌س و هه‌روه‌ها زیاتر له 40 که‌سیش بریندارن.
هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که دره‌نگانێکی ڕۆژی 5شه‌ممه ڕوویانداوه و یه‌که‌میان له شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلدا بووه له ئوتێل بابل و ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌میشیان له نێوان هه‌ردوو ئوتێلی شیراتۆن و میریدیان بووه.
گه‌واهده‌ران له شوێنه‌کانی ته‌قینه‌وه‌کانه‌وه ده‌ڵێن ئه‌م هێرشه بۆمبیانه‌ی دره‌نگانێکی ڕۆژی 5شه‌ممه ژماره‌یه‌کی به‌رجاوی خه‌ڵکی بێ‌تاوانیان کوشتووه و ده‌شڵێن تاوانی ئه‌و خه‌ڵکه چییه به‌و شێوه‌یه ده‌کوژرێن.
هێشتا هیچ لایه‌نێک به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشانه ڕانه‌گه‌یاندووه به‌ڵام ده‌کرێت بگوترێت ئه‌و هێرشه ڕۆژانانه‌ی له عێراقدا ده‌کرێن زۆربه‌ی جار ڕێکخراوی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
ئه‌م ڕێکخراوه ئیسلامیه سوننه ئاینزایه له ساڵی پاردا ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر ڕووبه‌رێکی عێراقدا.
توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا بوو ده‌ستیان گرت به سه‌ر شاری ڕومادی له ڕۆژئاوای عێراق و ئه‌مه‌ش وه‌ک شکستێکی گه‌وره‌ی حکومه‌تی عێراق و هه‌روه‌هاش هێرشه ئاسمانیه‌کانی هاوپه‌یمانان لێی ده‌ڕوانرێت له به‌رامبه‌ر توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا.