موحه‌مه‌د بوهاری سه‌رۆکی نوێی نایجیریا ده‌ڵێت ناتوانرێت سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ڕێکخراوی توندڕه‌وی بۆکۆ حه‌رامدا ڕابگه‌یه‌ندرێت به‌بێ ئازادکردنی کچه خوێندکاره‌کانی ساڵی پار له شارۆچکه‌ی چیبۆک ڕفێندران.
له وتاره‌که‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینیدا هاوکاتی مه‌ڕاسیمی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی، به‌ڕێز بوهاری ئاماژه‌ی به‌وه کردووه ئه‌و 219 کچه خوێندکاره‌ی له مانگی چواری ساڵی 2014 دا ڕفێندراون ده‌بێت ئازاد بکرێن و ڕێکخراوی بۆکۆ حه‌رامیشی به ڕێکخراوێکی بێ مێشک و خوانه‌ناس ناودێر کرد و وه‌ک ده‌ڵێت هه‌ر زۆر دووره له ئیسلامه‌وه.
سه‌رۆکی نوێی نایجیریا که جێی گودلووک جۆناثان سه‌رۆکی پێشووی وڵاته‌که‌ی گرتۆته‌وه یه‌که‌م که‌سی نایجیریاییه توانیبێتی له هه‌ڵبژاردنێکی گشتیدا سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر به‌ڕێز جۆناثاندا بێنێت.
ئه‌مڕۆش هه‌ینی له مه‌ڕاسیمێکی تایبه‌تدا له ئابوجای پایته‌خت موحه‌مه‌د بوهاری سوێندی یاسایی خوارد.
له وتاره‌که‌شیدا باسی له‌وه کردوه ده‌خوازێت نایجیریا ڕۆڵی ڕێبه‌رایه‌تی و پێشه‌نگی هه‌بێت له ناوچه‌که‌دا و وه‌ک ده‌ڵێت ئافریکاش هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه.
نایجیریا خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی دانیشتوانه له ئافریکا و هه‌روه‌هاش له پله‌ی یه‌که‌می به‌رهه‌م هێنانی نه‌وته له‌و کیشوه‌ره‌دا.
به‌ڕێز بوهاری له وتاره‌که‌یدا دانی به کێشه ئابوریه‌کانی وڵاته‌که‌دا ناوه له‌وانه به‌رزی ڕێژه‌ی بێ‌کاری و به‌رزی ڕێژه‌ی هه‌ژاری و په‌یمانیشی داوه که‌موکوڕیه‌کانی وڵاته‌که‌ی به‌ره‌و ڕه‌وشێکی باشتر به‌رێت.
له مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنه یاساییه‌که‌یدا ده‌یان سه‌رۆکی وڵاتانی جیهان به‌شداربوون.
جان کیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سه‌رۆکایه‌تی شاندی ئه‌مریکای کردووه له‌و مه‌ڕاسیمه‌دا.
گودلووک جۆناثان، سه‌رۆکی له کار لاچووی نایجیریاش به‌شدار بووه له مه‌ڕاسیمه‌که‌دا و له ته‌نیشت سه‌رۆکی نوێی نایجیریاوه وه‌ستابوو.