چالاکوانان له سوریا ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌یه‌ک به‌هێز ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له بینایه‌کی ئهپارتماندا ڕوویداوه له شاری لازقیـیه‌ی سه‌ر ده‌ریا و له ئاکامدا به لایه‌نی که‌م 3 که‌س کوژراون که دووانیان منداڵ بوون. هه‌وه‌رها دوکه‌ڵێـکی چڕی ڕه‌نگ پـرته‌قاڵی له شوێنی ته‌قینه‌وه‌که به‌رزبووه‌ته‌وه.
هه‌تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه حکومه‌تی سوریا هیچی له باره‌ی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه ڕانه‌گه‌یاندووه. به‌ڵام له‌سه‌ر ئنته‌رنێت ڤیدیۆی ته‌قینه‌وه‌که بڵاوکراوه‌ته‌وه که له ناوچه‌ی مار ته‌قلا بووه. له ڤیدیۆکه‌دا بینایه‌ک نیشـان ده‌درێت نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سووتێت و کڵپه‌ی ئاگر له پهنجهرهکانیـیهوه ده‌رده‌چن. له فهیسبوکێـکی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه کاتی به خاکسـپاردنی قوربانیـیه‌کان ڕاگه‌یه‌ندراوه که ده‌ڵێن باوکێـک و دوو کوڕیـیهتی، یه‌کێـکیان ته‌مه‌نی 6 سـاڵه و ئه‌وی دیکه‌یان 3 سـاڵ.
هێشـتا هۆکاری ته‌قینه‌وه‌که نه‌زانراوه. جێی ئاماژه‌یه لازقیـیه به شارێـکی سه‌ر به به‌شار ئه‌سه‌د ناسراوه و هه‌تا ئێسـتا دوربووه له ده‌سـتی هێزه‌کانی دژی حکومه‌ت.