Accessibility links

سه‌رکرده‌یه‌کی باڵای داعش له‌ سوریا ده‌کوژرێت و کچێکی ئێزیدی ئازاد ده‌کرێت


کۆشکی سپی و په‌نتاگۆن ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕایانگه‌یاند هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا سه‌رکرده‌یه‌کی باڵای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی کوشتوه‌و هاوسه‌ره‌که‌یان ده‌ستگیر کردووه‌.

له‌و هێرشه‌ی که‌ له‌ نیوه‌شه‌ودا ئه‌نجام درا ئه‌بو سه‌یاف کرابوو به‌ ئامانج که‌ واشنتۆن ده‌ڵێت ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی له‌شکری و دارایی ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌، له‌ ناویاندا ئۆپه‌راسیۆنی قاچاغچێتی به‌ نه‌وت که‌ به‌شێکی گرنگی بودجه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕێکخراوه‌که‌یه‌.

کۆشکی سپی ڕایگه‌یاند سه‌رۆک ئۆباما دره‌نگانێکی ڕۆژی هه‌ینی فه‌رمانی دا به‌ په‌نتاگۆن سه‌ربازه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که‌ بنکه‌یان له‌ عێراقه‌ بنێرن بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ له‌ ئه‌لعه‌مر.

هاوسه‌ری ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی داعش ناسراو به‌ ئوم سه‌یاف ئێستا له‌ گرتوخانه‌ی له‌شکری ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌ عێراق. له‌ میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ له‌شکرییه‌دا کچێکی ئێزیدی ئازاد کراوه‌.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی ده‌ڵێت له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هیچ زیانێکی گیانی نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا ئاشتن کارته‌ر ده‌ڵێت ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ گوزارشت له‌ گورزێکی تری سه‌خت ده‌کات بۆ سه‌ر داعش و بیرهێناوه‌ی ئه‌وه‌شه‌ که‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌رگیز کۆڵ نادات له‌ نه‌هێشتنی حه‌شارگه‌ بۆ تیرۆرستانی که‌ ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هاووڵاتیانمان و دۆست و هاوپه‌یمانانمان.

پێشتر میدیای ده‌وڵه‌تی سوریا ڕایگه‌یاند له‌ هێڕشێکدا بۆ سه‌ر گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی نه‌وتی وڵاته‌‌که‌ که‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ کرابوو هێزه‌کانی حکومه‌ت به‌لایه‌نی که‌م 40 ملیتانی داعشیان کوشتووه‌، له‌ ناویاندا سه‌رکرده‌یه‌کی باڵا به‌رپرسی پاڵاوگه‌کانی نه‌وتیش.

سه‌رکرده‌که‌ی به‌ ئه‌بو ئه‌لتیم ئه‌لسعوی ناساند.

ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤی سوریا بنکه‌ له‌ به‌ریتانیا هێرشه‌که‌ی بۆ سه‌ر پاڵاوگه‌‌یه‌ی نه‌وت پشتڕاست کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند به‌لایه‌نی که‌م 19 ملیتان که‌ 12 یان بیانی بوون له‌و هێرشه‌دا کوژراون. گروپه‌که‌ ڕاینه‌گه‌یاندووه‌ کێ ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌نجام داوه‌.

XS
SM
MD
LG