Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: ناکۆکیـیه‌ ئاینی و نه‌ژادیـیه‌کان له‌ عێراقدا

  • Haider Kareem

له‌گه‌ڵ گرتنه‌ ده‌سـتی پـۆستی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق له‌ لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی، هیوایه‌ک له‌ ناو وڵاته‌که‌ و ده‌ره‌وه‌ش دروسـتبووه‌ که‌ سه‌رۆک وه‌زیری نوێ هه‌وڵ بدات ناکۆکی و کێشه‌کانی نێوان پـێـکهاته‌کانی عێراق چاره‌سه‌ر بکات، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌میان بکاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌تا هه‌تا ئێسـتا هیچ ئاماژه‌یه‌ک نیـیه‌ بۆ هه‌نگاونان به‌و ئاڕاسته‌یه‌.

کێشه‌ی نێوان شیعه‌ و سووننه‌ هێشـتا به‌رده‌وامه‌ و ئێسـتا زیاتر له‌ جاران میلیشیاکان به‌ ئاشکرایی خۆیان به‌سه‌ر ڕه‌وشه‌که‌ سه‌پاندووه‌. به‌پـێی ڕاپـۆرتی ڕێـکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ چه‌کداره‌ شیعه‌کانی ناسراو به‌ حه‌شدی شه‌عبی که‌ حکومه‌تی عێراق ده‌ڵێت به‌شێـکن له‌ هێزه‌ ئاسایشیـیه‌که‌ی پـێشـێلیـیان به‌رامبه‌ر سووننه‌کان کردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و ناوچانه‌شی داعشی لێ پاککراونه‌ته‌وه‌ ناهێڵن دانیشـتووانه‌ سووننه‌که‌ی بۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌. سووننه‌کانیش به‌شێـکیان خۆیان خستووه‌ته‌ پاڵ داعش و به‌شێـکیشیان به‌ جودا ماونه‌ته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ حکومه‌تی به‌غدا ده‌گرن که‌ وه‌کو پـێویست پـڕچه‌کیان ناکات. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و مزگه‌وت و حوسه‌ینیـیه‌کان هێشـتا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و ڕۆژانه‌ چه‌ندان خه‌ڵکی سیڤیل ده‌بنه‌ قوربانی.

سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ که‌ به‌غدا و هه‌ولێر به‌ ڕێکه‌وتنێـک گه‌یشتن له‌سه‌ر چۆنێتی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم و پـێدانی بودجه‌، گه‌شبینیـیه‌ک دروستبوو که‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌شێـکی کێشه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چاره‌سه‌ربکرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێسـتا ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ له‌سه‌ر لێواری مان و نه‌ماندایه‌.

پـرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ عێراق به‌ره‌و کوێ ده‌ڕه‌وات؟ ئه‌گه‌ر له‌ پاش 12 سـاڵ له‌ ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێن و دامه‌زراندنی سیسته‌می نوێ، نه‌توانرابێت‌ به‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌ زاڵبن، ئه‌ی که‌ی ده‌توانرێت؟

ئه‌گه‌ر عێراقیـیه‌کان هه‌روا نه‌توانن پـێکه‌وه‌ ژیان بکه‌ن، جیابوونه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نیـیه‌؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
زانا ڕۆستایی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی کۆمه‌ڵی ئیسلامی.
نه‌جات حسێن، فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی.
حه‌مید گلی، شاره‌زای بواری ئاسایشی و سه‌ربازی.


XS
SM
MD
LG