Accessibility links

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: به‌غدا و هه‌ولێر به‌ چی ده‌گه‌ن؟!

  • Balen Salih

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ئێستا له‌ هه‌موو کاتێک زیاتر عێراق پێویستی به‌ ئارامی و جێگیریی سیاسی هه‌یه‌ به‌ڵام جارێکی تریش ناکۆکیه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و هه‌ردوو لا که‌وتونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ له‌ یه‌کتر کردن.
به‌غدا ده‌ڵێت ده‌بێت هه‌موو شتێک به‌پێی ده‌ستوری وڵاته‌که‌ بێت، هه‌ولێر ده‌ڵێت به‌غدا ده‌ستور پێشێل ده‌کات، پێچه‌وانه‌که‌شی دروسته‌.

له‌ مانگی 12 ی ڕابردوودا هه‌رێم و ناوه‌ند ڕێککه‌وتنێکیان مۆرکرد. به‌پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ده‌بێت هه‌رێمی کوردستان ڕۆژانه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بکات و له‌ به‌رامبه‌ریشدا حکومه‌تی نێوه‌ند مانگانه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم بنێرێت له‌و له‌سه‌دا حه‌ڤده‌یه‌ی پێشتر ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کرابوو.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێن ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 550 هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وت هه‌نارده‌کراون به‌ڵام وه‌ک هه‌ولێر ده‌ڵێت به‌غدا هێشتاش به‌ ته‌واوه‌تی وابه‌سته‌ییه‌کانی له‌سه‌ریه‌تی به‌ پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ نه‌یناردووه‌.

برزو مه‌جید

برزو مه‌جید

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی نێوان نوێنه‌رانی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غدا و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم هه‌ردوو لا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک خاڵ، له‌وانه‌ وه‌ک له‌ ڕاگه‌یاندنی کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که‌دا هاتووه‌ " حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و به‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٥ی عیراقی فیدراڵه‌وه‌‌ پابه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیالۆگ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فێدراڵ نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام و حكومه‌تی فێدراڵ هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر پێشێلكردنی یاسای بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌نارد، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتبه‌ست به‌ بڕگه‌ی ٣ له‌ مادده‌ی ١١ی یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٥ و به‌پێی یاسای ژماره‌ ٥ی ساڵی ٢٠١٣ی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕێگه‌چاره‌ی دیكه‌ ده‌گرێته‌به‌ر بۆ دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌رێمی كوردستان."

میوانی به‌رنامه‌:
برزو مه‌جید؛ سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم

ئه‌مڕۆش 5شه‌ممه‌ جارێکی تریش حکو‌مه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی هه‌رێم و سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کاندا کۆبۆته‌وه‌ بۆ تاووتوێکردنی ئه‌م ڕه‌وشه‌ و بڕیاردانی پێویست له‌سه‌ری.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆدا سه‌رۆکی کابینه‌ی هه‌شت ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ به‌غدا هه‌رجاره‌ی به‌ بیانویه‌ک کێشه‌ بۆ هه‌رێم دروست ده‌کات و ده‌شڵێت "هەرێمی کوردستان کارتی بەدەستەوەیە بەکاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێک بدەینەوە بە بەغدا و لە ڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەکان چارەسەربکەین."

له‌ چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری کردووه‌ و سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵیش باس له‌وه‌ ده‌که‌ن هوشیار زێباری وه‌زیری دارایی عێراقیش ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته‌ هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستانی کابینه‌ی هه‌شت و هه‌وڵدان بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی کێشه‌کان.

به‌غدا یان هه‌ولێر له‌م هه‌موو ناکۆکیانه‌ چی ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن؟
ئایا ناکۆکیه‌کان هه‌ر هه‌مووی له‌ پێناوی نه‌وتدایه‌ یان له‌ پێناو دۆسێ چاره‌نوسسازه‌کاندایه‌؟
له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵکشانێکی کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدادا کورد ده‌ڵێت بژاره‌ی ترم هه‌ن، هه‌نگاوی تر ده‌گرینه‌ به‌ر، ئه‌ی بۆ تا ئێستا نه‌گیراونه‌ته‌ به‌ر؟
ئایا ئه‌و بژاره‌یه‌ جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ عێراق یان کشانه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی نه‌وت له‌ ڕێی (سۆمۆ)وه‌ بفرۆشرێت؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) یه‌:

XS
SM
MD
LG