Accessibility links

ژماره‌یه‌ک ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له‌ هه‌رێمی کوردسـتان گورچیله‌ی خۆیان فرۆشتووه‌

  • VOA News

ئەو ئاوارە عەرەبانەى كە لە ناوچە جیاجیاكانى عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمى كوردستان کردووه‌، بەهۆى هەژارى و دەست نەڕۆییەوە هه‌ندێـکیان لە بەرامبەر بڕێک پارەدا، گورچیلەیه‌کی خۆیان بەو كەسانە دەفرۆشن كە نەخۆشى گورچیلەیان هەیە.

كاروان محەمەد كە بەرپرسى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ناوچەى گەرمیانە، بۆ دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو هاوڵاتیە كوردانەى كە گورچیلەیان پەكى دەكەوێت گورچیلە دەكڕن."

ناوبراو دەڵێت"زۆربەى گورچیلە فرۆشەكان ئەو ئاوارە عەرەبانەن كە ڕوویان لە هەرێمى كوردستان كردووە."

هاوكات محەمەد ئەحمەد كە ناوى خوازراوى یەكێک لەو كەسانەیە كە گورچیلەى لە ئاوارەى عەرەب كڕیووە، بۆ دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئاوارە عەرەبەكان بەهۆى دەست نەڕۆیى و بەدبەختیەوە گورچیلەى خۆیان دەفرۆشن، بەڵام زۆربەى پارەكە لەلایەن ئەو دەڵاڵانەوە دەبرێت كە ئیشى دۆزینەوەى گورچیلە بۆ نەخۆش دەكەن."

محەمەد، ئاماژەى بەوەشكرد لاى زۆربەى ئەو دكتۆرانەى كە لە شارە گەورەكانى هەرێمى كوردستان كارى چاندنى گورچیلە دەكەن دەڵاڵ وەستاوە، وتى"ئەو دەڵاڵانە پارەى زۆر لە كڕیارانى گورچیلە وەردەگرن ، كەچى بڕێكى كەمى دەدەن بەو ئاوارە عەرەبانەى كە گورچیلەكانیان دەردەهێنرێت."

لاى خۆشیەوە خەبات ڕەشید بەڕێوەبەرى مافى مرۆڤى ناوچەى گەرمیان، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند" لە ماوەیەكى كەمدا 35 هاوڵاتى دانیشتوى كەلار و گەرمیان گورچیلەیان لە 35 ئاوارەى عەرەب كڕیووە."

زیادبوونى دیاردەى كڕین و فرۆشتنى گورچیلە لە هەرێمى كوردستان ، لە كاتێكدایە بە پێى یاسا ئەو كارە قەدەغەكراوە.

XS
SM
MD
LG