Accessibility links

ڕاوڵ کاسترۆ، سه‌رۆکی کوبا ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ سه‌ردانی ڤاتیکانی کردووه‌ تا خۆی سوپاسی پاپا فرانسیس بکات بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی داویه‌تی وه‌ک کارئاسانی کردن و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی ئاشته‌وایی نێوان وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و کوبا.

پاپا فرانسیس، ڕێبه‌ری کاثۆلیکه‌ ڕۆمانیه‌کان یارمه‌تیده‌ر بووه‌ له‌ دانوستاندنه‌ نهێنیه‌کانی نێوان هاڤانا و واشنتۆندا تا گه‌یشته‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی مانگی 12 ی ڕابردوو سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ پاش 50 ساڵی دابڕانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌.

ڤاتیکان ده‌ڵێت پاپا فرانسیس بۆخۆی نێوه‌ندگیریی کردووه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا و هه‌روه‌هاش میوانداری شانده‌کانی ئه‌مریکا و کوباشی کردووه‌.

له‌ مانگی نۆدا پاپا سه‌ردانی کوبا ده‌کات و دواتریش سه‌ردانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ئۆبامادا کۆ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆکی کوبا بۆ ڤاتیکان پاش سه‌ردانه‌که‌ی بوو بۆ مۆسکۆ و له‌وێش میوانی ڤلادمیر پوتن سه‌رۆکی ڕوسیا بووه‌ له‌ مه‌ڕاسیمه‌کانی ساڵیادی سه‌رکه‌وتنی دووه‌م شه‌ڕی جیهانی که‌ له‌ مه‌یدانی سور به‌ڕێوه‌ چووه‌.

XS
SM
MD
LG