ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌تی سوریا ڕاده‌گه‌ێنێت سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا ناوچه‌یه‌کی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تیان له شاری حه‌له‌به بۆردومان کردووه، به‌لایه‌نی که‌م 12 که‌سی سڤیل له ناویاندا 3 منداڵیش له‌و هێرشه‌دا کوژراون. کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن بۆمبه‌کان به‌ر ناوچه‌یه‌کی دانیشتوان که‌وتووه و بۆته هۆی زیان گه‌یاندن به خانوه‌به‌ره، دوکان و ئۆتۆمبێله‌کان.
ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤی سوریایی بنکه له به‌ریتانیا ڕایگه‌یاند ئه‌و هێرشه‌ی سه‌رهه‌ڵداوان بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت به‌لایه‌نی که‌م 5 که‌سی کوشتووه. ئه‌م ڕێکخراوه‌ی که بۆ سه‌رچاوه‌کانی پشت به تۆڕێکی چالاکوانان له ناو وڵات ده‌به‌ستێت ده‌شڵێت پێده‌چێت ژماره‌ی قوربانیان زیاد بکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌وشی برینداره‌کان له مه‌ترسیدان.