Accessibility links

داعش لە پارێزگاى سەڵاحەدینەوە هێز ڕەوانەى ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە ده‌کات


داعش لە پارێزگاى سەڵاحەدینەوە هێزی رەوانەى ئەو ناوچە كوردستانیانەى پارێزگاى دیالە کردووه‌ كە پێشتر لەدەستی داون و لە ئێستادا لە ژێر كۆنترۆڵى هێزى پـێشمەرگە و حەشدى شەعبیدان ، هێزەكانى پـێشمەرگەش لەو ناوچانە خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

عامر رەفعەت بەرپرسى ناوچەى جەلەولاى پارتى ، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ژمارەیەك چەكدارى داعش لە گوندى خەڵاوى نزیک ناحیەى جەلەولا جێگیربوون ، كە ئەو چەكدارانە لە زنجیرە چیاكانى حەمرینەوە هه‌تا ناوچەى نەداى سنورى ئێران جموجۆڵیان هەیە."

وتیشى"داعش دەیەوێت دەست بە ئەنجامدانى تەقینەوە بكات لە جەلەولا و سەعدیە ، بە تایبەت كە لە چەند ڕۆژى رابردوودا سێ‌ تەقینەوەیان لە سەعدیە ئەنجامداوە و ناحیەى قەرەتەپەشیان هاوەنبارانكردووە."

گەڕانەوەى چەكدارەكانى داعش بۆ ناوچە كوردستانیەكانى دیالە، لە كاتێكدایە ناحیەى سەعدیە لە ژێر كۆنترۆڵى حەشدى شەعبیدایە ، بەڵام ناحیەكانى جەلەولا و قەرەتەپە لە ژێر كۆنترۆڵى پـێشمەرگەدان.

لەگەڵ گەڕانەوەى داعشدا بۆ ناوچە كوردستانیەكانى دیالە، لە چەند رۆژى رابردوودا بارودۆخى ئەمنى ناوچە كوردستانیەكانى دیالە تێكچوو ، كە لە سەعدیە سێ‌ تەقینەوە روویاندا و ناحیەى قەرەتەپەش هاوەنبارانكرا و بەو هۆیەوە وەرزشكارێک گیانى لەدەستدا و شەش وەرزشكارى تریش برینداربوون.

سەڵاح بابان ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى قەرەتەپە بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"زانیاریمان پێگەیشتووە كە ژمارەیەك چەكدارى داعش لە پارێزگاى سەڵاحەدین و ناوچەكانى ترەوە هاتوونەتە سنوورەكە."

گەڕانەوەى داعش بۆ ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە ، لە كاتێكدایە ماوەى زیاتر لە پێنج مانگە ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگە و حەشدى شەعبیەوە كۆنترۆڵكراون و هیچ جموجۆڵێكى چەكدارەكانى داعشیان تێدا نەماوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:41 0:00

XS
SM
MD
LG