Accessibility links

دادگایه‌کی میسر حوکمی 20 سـاڵ زیندانی بۆ محه‌مه‌د مورسی ده‌دات

  • VOA News

دادگایه‌کی میسر حوکمی 20 سـاڵ زیندانی بۆ محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆکی له‌کارلابراو ده‌رکرد به‌ تاوانی به‌رپـرسیارێتی له‌ کوشـتنی خۆپـیشـانده‌ران له‌ ماوه‌ی حوکمڕانیـیه‌که‌ی که‌ ته‌نها یه‌ک سـاڵ درێژه‌ی کێشـا.

دادگای تاوانه‌کانی قاهیره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌م سزایه‌ی بۆ محه‌مه‌د مورسی و 12 که‌سی دیکه‌ی سه‌ر به‌ ئیخوان ئه‌لموسلیمین ده‌رکرد که‌ ژماره‌یه‌کیان له‌ سه‌رکرده‌کانی ئه‌و گرووپه‌ بوون، له‌وانه‌ محه‌مه‌د بلتاجی و عیسام عه‌ریان. هه‌روه‌ها دادگاکه‌ دوو که‌سی دیکه‌شی له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌ به‌ 10 سـاڵ زیندانی حوکم دا. ژماره‌یه‌ک له‌و حوکمدراوانه‌ هێشـتا ده‌سـتگیر نه‌کراون.

دادگاکه‌ تۆمه‌تی کوشتنی به‌ مه‌به‌ست و هه‌ڵگرتنی چه‌ک به‌ بێ مۆڵه‌ت بۆ مورسی و ئه‌وانی دیکه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌ و ته‌نها به‌ تاوانکاری دانان له‌ به‌کارهێنانی هێز و په‌نابردنه‌ به‌ر توندوتیژی و ڕفاندن و ده‌سـتگیرکردنی خه‌ڵکی و ئه‌شکه‌نجه‌دان. پاشان بڕیاریشی دا له‌ دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی زیندانیکردنه‌که‌یان، هه‌ر یه‌که‌یان بۆ ماوه‌ی 5 سـاڵ له‌ ژێر چاودێری پـۆلیسدا بن.

له‌ ئێسـتادا پارێزه‌رانی مورسی و ئه‌وانی دیکه‌ ده‌توانن داوا له‌ دادگای پـیاداچوونه‌وه‌ بکه‌ن به‌ بڕیاری ئه‌م دادگایه‌دا بچێته‌وه‌.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌ کۆتایی سـاڵی 2012 خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی له‌ به‌رده‌م کۆشـکی سه‌رۆکایه‌تی میسر سـازکرا له‌ دژی ڕاگه‌یاندنێـکی ده‌سـتوری که‌ له‌ لایه‌ن مورسیـیه‌وه‌ ده‌رچووبوو و تیایدا ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی زیاترکرد. دوابه‌دوای ئه‌مه‌ پـێـکدادان له‌ نێوان نه‌یاران و لایه‌نگرانی مورسی دروستبوو و له‌ ئاکامدا نزیکه‌ی 10 که‌س کوژران و ده‌یان که‌سی دیکه‌ برینداربوون.

ڤیدیۆکانی ئه‌و پـێـکدادانانه‌ نیشـانی ده‌ده‌ن خۆپـیشـانده‌ران ده‌سـتگیرده‌کران و له‌ پاڵ ده‌روازه‌ی کۆشـکی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌درێن و خوێن به‌ سه‌ر و گوێلاکیان دێته‌ خوارێ. به‌ڵام ئیخوانه‌کان ده‌ڵێن زۆربه‌ی کوژراوه‌کان ئه‌ندام یان لایه‌نگری ئه‌وان بوون.

XS
SM
MD
LG