Accessibility links

مستەفا چاوڕەش: فڕۆكەكانى ئەمه‌ریكا لە كەركوك هاوكارى پێشمەرگە دەكەن بەڵام هاوكارى حەشدى شەعبى ناكەن بۆ گرتنەوەى گوندى بەشیر


شەوى رابردوو چەكدارەكانى داعش لە چوار قۆڵەوە هێرشیان كردە سەر گوندەكانى ( عەتشانە ، عوزەیریە ، مورە) ى نزیک قەزاى داقوق ، بەڵام بەهۆى بەرگرى كردنى هێزى پێشمەرگە لەو گوندانە نەیانتوانى پێشڕەوى بكەن و كشانەوە.

ئەو گوندانەى داعش بە درێژایى شەوى ڕابردوو هەوڵیدا كۆنترۆڵیان بكات، هەمان ئەو گوندانەن كە دوێنێ هێزى پێشمەرگە هێرشێكى فراوانى كردە سەریان و لەبن دەستى دەرهێنان.

مستەفا چاوڕەش فەرماندەى باڵاى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"داعش ویستوویەتى ئەو گوندانە كۆنترۆڵ بكاتەوە كە دوێنێ‌ پێشمەرگە لەبن دەستى دەرهێنان ، بەڵام بەهۆى بەرگرىكردنى پێشمەرگەوە نەیانتوانیووە پێشڕەوى بكەن."

گوندەكانى عەتشانە و عوزەیریەى نزیک قەزاى داقوق كە داعش لەدەستى دان بۆ ئەو ڕێكخراوە ناوچەیەكى ستراتیژى بووە ، بەو پـێـیەى پێشتر داعش لەو ناوچانەوە پلانى داڕشتووە و كۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەكاندا ئەنجامداوە.

مستەفا چاوڕەش ، ڕوونیكردەوە هەموو ئەو ناوچانەى پێشمەرگە كۆنترۆڵى كردوون لە سنوورى كەركوک فڕۆكەكانى ئەمه‌ریكا هاوكارى كردوون ، وتى"بەڵام فڕۆكەكانى ئەمریكا هاوكارى حەشدى شەعبى ناكات بۆ كۆنترۆڵكردنى گوندى بەشیر."

بەپێى وتەى مستەفا چاوڕەش ، فەرماندەكانى هێزى پێشمەرگە بۆچوونیان وایە كە هێزى پێشمەرگە لەمە زیاتر پێشڕەوى نەكات بەرەو ئاڕاستەى حەویجە و ئەو ناوچانە بپارێزێت كە كۆنترۆڵى كردوون.

هێزەكانى پێشمەرگە لە ئێستادا زۆربەى ئەو ناوچانەى دەوروبەرى كەركوكى خستووەتە ژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە كە بەسنوورى هەرێمى كوردستان هەژمارد دەكرێن ، بۆیە بەشێک لە فەرماندەكان بە پێویستى نازانن لەمەودوا پێشمەرگە بەرەو ناوچە عەرەب نیشینەكان پێشڕەوى بكات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:54 0:00

XS
SM
MD
LG