Accessibility links

زانا ڕۆستایی: مه‌ترسیه‌کی زۆر هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر کۆمه‌کی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی به‌بێ مه‌رج بدرێته‌ عێراق

  • Balen Salih

زانا ڕۆستایی

زانا ڕۆستایی

هاوکاتی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق بۆ وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا یه‌کێک له‌ پرسیاره‌کان ئه‌وه‌یه‌ ئایا حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ نێوه‌ندی قه‌یرانه‌ سیاسیه‌کانی وڵاته‌که‌یدا ده‌توانێت متمانه‌ی ئه‌مریکاییه‌کان به‌ ده‌ست بێنێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ له‌ مانگی نۆی ڕابردووه‌وه‌ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیری وه‌رگرتووه‌ به‌ڵام وه‌ک زۆرێک له‌ شیکه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن هێشتا به‌ڕێز عه‌بادی نه‌یتوانیوه‌ هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتووانه‌ی سیاسی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی پێکهاته‌کانی وڵاته‌که‌دا بێنێته‌ ئاراوه‌.

زانا ڕۆستایی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی کۆمه‌ڵی ئیسلامی هاوڕایه‌ و ده‌ڵێت له‌ ڕاستیدا به‌ڕێز عه‌بادی توشی بێ متمانه‌ییه‌ک بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی بسه‌لمێنێت که‌ بێلایه‌نانه‌ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی عێراقدا سه‌روسه‌ودا ده‌کات و ده‌شڵێت تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ په‌سه‌ندکردنی کورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی باش به‌ده‌ست بهێنێت، نه‌یتوانیوه‌ یه‌کگرتوویی عێراق بسه‌لمێنێت، هه‌ر بۆیه‌شه وه‌ک ده‌ڵێت له‌وبڕوایه‌دا نییه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی بتوانێت به‌ ئاسانی متمانه‌ی ئه‌مریکا و لایه‌نه‌کانی تر به‌ده‌ست بێنێت.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، به‌ڕێز ڕۆستایی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات له‌ ئێستادا عێراق له‌ هه‌موو کات زیاتر پێویستی به‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تێرۆر به‌ڵام ده‌شڵێت داواکاریه‌کانی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق و هاوپه‌یمانی نیشتیمانیش بۆ چه‌ک و بۆ کۆمه‌که‌ له‌شکرییه‌کانی تریش تا ئێستا داواکارییه‌کی شه‌رمنانه‌یه و جۆرێک له‌ دوو فاقی تیادایه‌ چونکه‌ وه‌ک ده‌ڵێت به‌شێکی زۆری هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه‌کان دژی ‌ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریکا و هاوکاری و هاوپه‌یمانیی ئه‌مریکا ده‌وه‌ستنه‌وه‌ له‌ ده‌مێکدا حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای ئه‌م هاوکاریانه‌ له‌ واشنتۆن ده‌کات.

زانا ڕۆستایی ده‌ڵێت ترس و نیگه‌رانیش هه‌ن له‌وه‌ی به‌غدا هه‌ر کۆمه‌کێکی له‌شکریی به‌ده‌ست بێنێت به‌ خراپ به‌کاربهێنرێت و ئه‌و کۆمه‌کانه‌ به‌ یه‌کسانی دابه‌ش نه‌کرێن یانیش بکه‌ونه‌ ده‌ست میلیشیا شیعه‌کان و له‌ ململانێ ناوخۆییه‌کاندا به‌کار بهێنرێن، وه‌ ده‌شڵێت پێویسته‌ بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراقیش به‌ هه‌مان شێوه‌ بێت چونکه‌ زانیاری هه‌ن به‌شێک له‌و کۆمه‌که‌ سه‌ربازیانه‌ی ده‌گه‌نه‌ هه‌رێم نادرێنه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

XS
SM
MD
LG