Accessibility links

له‌ نێوه‌ندی قه‌یرانه‌ ئاڵۆزه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا و هاوکاتی به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌کانی دژی ڕێکخراوه‌ تێرۆریستیه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کات.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی عه‌بادی هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ئۆپه‌راسیۆنێکی له‌شکریی به‌ مه‌به‌ستی ئازاد کردنی شاری موسڵ له‌ده‌ست توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.

عه‌لی فه‌یسه‌ڵ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت دۆسێی ئاسایشیی به‌ پله‌ی یه‌که‌م دێت و له‌ پێشه‌نگی وتووێژه‌کانیشدا ده‌بێت و ده‌شڵێت ‌ ڕێککه‌وتن کراوه‌ له‌سه‌ر ئازادکردنی موسڵ له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ ڕێی هاوکاری و ڕێکخستنی هه‌نگاوه‌کان له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا.

بۆ ده‌بێت کورد به‌شدار بێت له‌ شه‌ڕی موسڵدا؟ له‌ ده‌مێکدا هێشتا کێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ جێناکۆکه‌کان ناسراون چاره‌سه‌ر نه‌کراون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ به‌ندێکی ده‌ستور تایبه‌ته‌ بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

عه‌لی فه‌یسه‌ڵ ده‌ڵێت "کورد به‌شێکه‌ له‌ عێراق و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌ مه‌ترسی هاوبه‌شن و وه‌ک یه‌ک مه‌ترسین‌ بۆسه‌ر به‌غدا، بۆسه‌ر به‌سره‌ و هه‌ولێر."

هه‌ندێک له‌ ناوچه‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌وا که‌ که‌تبوونه‌ ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه‌ ئازاد کراون به‌ڵام وه‌ک کاوه‌ موحه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت پێویسته کورد به‌ ئاگاهیه‌وه‌ به‌شداری له‌ شه‌ڕی موسڵدا بکات.

کاوه‌ موحه‌مه‌د ده‌شڵێت "ده‌کرێت سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق به‌ گرنگ سه‌یر بکرێت له‌ سۆنگه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی که‌لێن و بۆشایی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تا هه‌نگاوه‌کان به‌ ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌رکردندا بکه‌ونه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وی خۆیان."به‌ڵام ده‌شڵێت ئه‌مه‌ش کارێکی سانا نییه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق له‌ ده‌مێکدایه‌ هێشتا حکومه‌تی نێوه‌ندی له‌ به‌غدا کێشه‌ی بودجه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا چاره‌سه‌ر نه‌کردووه‌ و هێشتاش کێشه‌ی موچه‌ی چه‌ند مانگێکی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌ر وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق داوای به‌شداری کورد ده‌کات له‌ شه‌ڕی موسڵدا له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ی به‌ وته‌ی خۆی کورد عێراقین.

له‌سه‌ر بنچینه‌ی وتوویژه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو په‌رله‌مانتار کاوه‌ موحه‌مه‌د، له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و عه‌لی فه‌یسه‌ڵ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌ڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئاماده‌کردووه‌.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی ڕاپۆرته‌که‌دایه‌:

XS
SM
MD
LG