Accessibility links

پەرلەمانى عێراق لیژنەیەكى لێكۆڵینەوە بۆ سوتاندن و تاڵانكردنى ماڵى دانیشتوانى تكریت پێكدەهێنێت


چەكدارەكانى حەشدى شەعبى دەستیانكردووە بە تاڵانكردن و سوتاندن و تەقاندنەوەى دوكان و ماڵى هاوڵاتیان لەشارى تكریت و ، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە كردن لەتاڵانیەكانى حەشدى شەعبى پێكدەهێنێت كە بڕیارە هەفتەى داهاتوو لیژنەكە سەردانى شارى تكریت بكات .

دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین ، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"چەكدارەكانى حەشدى شەعبى ئۆتۆمبێلى گەورەیان بردووەتە نێو شارى تكریت و ماڵى هاوڵاتیانى شارەكە تاڵان دەكەن."

ناوبراو دەڵێت"جگە لە تاڵانكردن ، چەكدارە شیعەكان ژمارەیەكى زۆر دوكان و ماڵى هاوڵاتیانیان سوتاندووە و تەقاندووەتەوە."

بەپێى وتەى دكتۆر ئەمین ، چەكدارەكانى حەشدى شەعبى گوێ‌ لە كەس ناگرن و، هەفتەى ڕابردوو پارێزگارى سەڵاحەدین ویستوویەتى سەردانى شارى تكریت بكات بەڵام رێگەیان پـێنەداوە.

تاڵانكردن و سوتاندن و تەقاندنەوەى ماڵى هاوڵاتیانى تكریت لە لایەن چەكدارە شیعەكانەوە ، وایكردووە چەند ئەندامێكى پەرلەمان داوا لە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى نوێنەران بكەن بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكى لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت.

ئەو لیژنەیەى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق پێكیهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە كردن لە كارەكانى حەشدى شەعبى لە تكریت ، ئەندامەكانى بریتین لە ئەندامانى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى و ئەندامانى لیژنەى مافى مرۆڤى ئەنجومەنى نوێنەران.

دكتۆر ئەشواق جاف ئەندامى لیژنەى مافى مرۆڤى ئەنجومەنى نوێنەران، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"لیژنە پەرلەمانیەكە هەفتەى داهاتوو سەردانى تكریت دەكات بۆ بینینى بارودۆخى شارەكە."

تاڵانكردن و سوتاندنى ماڵى سونە مەزهەبەكانى تكریت لەلایەن چەكدارە شیعەكانەوە ، هاوكات لەگەڵ ئامادەكاریـیەكانى سوپا و حەشدى شەعبى بۆ هێرشكردنە سەر شارى موسڵ ، كە چاوەڕوان دەكرێت لەو شارە كوشت و بڕ و تاوانى گەورەتر ئەنجام بدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:23 0:00

XS
SM
MD
LG