Accessibility links

چەکدارەکانى داعش له‌ تکریت لە نێو کۆشکەکانەوە تەقە لە سوپا و پۆلیسى عێراقى دەکەن


هەرچەندە هێزەکانى سوپا و دەزگا ئەمنیەکانى عێراق شارى تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەڵاحەدینیان کۆنترۆڵکردووە ، بەڵام ژمارەیەک چەکدارى داعش لە نێو کۆشک و باڵەخانە بەرزەکانى ئەو شارەدا دابه‌شبوون و بە چەکى قەناس تەقە لە هێزەکانى سەربە حکومەتى عێراق دەکەن.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، دەڵێت"چەکدارەکانى داعش لە ناو کۆشکە سەرۆکایەتیەکانى تکریت دا خۆیان حەشار داوە بە چەکى قەناس شەڕ دەکەن."

بەپێى وتەى مەلا حەسەن ، شارى تکریت لە داعش پاککراوەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک چەکدارى داعش ماونەتەوە و شەڕ دەکەن.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا ، ژمارەیەک لەو چەکدارانەى داعش کە لەنێو شارى تکریت دا بوون بەهۆى بۆردومانى فرۆکەکانى هاوپەیمانانەوە کوژراون و لاشەکانیان لە ئێستادا کەوتووەتە ژێر پەردووى خانووە رووخاوەکانى ئەو شارە.

هەروەها داعش لە ئێستادا هەوڵى توندوتۆڵکردنى سەنگەرەکانى لە شارى رومادى و قەزاى حەویجەى خۆراواى کەرکوک دەدات ، ئەمەش لەکاتێکدایە حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق ئامادەکارى دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر داعش لەو شارانە.

محەمەد دوو شیوانى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شارى تکریت لەڕووى سەربازیەوە لەلایەن حکومەتى عێراقیەوە کۆنترۆڵکراوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەهەندێک جێگەى ناو شارەکە داعش بوونى هەیە."

ناوبراو دەڵێت" لە ئێستادا داعش دەیەوێت سەنگەرەکانیان لە ڕومادى توندوتۆڵ بکەن ، کە هێزێکى زۆرى سوپا و حەشدى شەعبیش رەوانەى روومادى کراون بۆ شەڕکردن لەدژى داعش."

کۆنترۆڵکردنى شارى تکریت لەلایەن حکومەتى عێراقیەوە ، لەکاتێکدایە بەشێک لە رێکخراوە چەکداریە شیعەکان بەشدارى شەرى تکریت یان نەکرد ، ئەمەش وەکو دەربرینى نارەزایەتى لەبەرانبەر بەشدارى کردنى فڕۆکەکانى هاوپەیمانان لەو شەڕەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:27 0:00

XS
SM
MD
LG