Accessibility links

وەزیرى شەهیدان: هه‌تا ئێستا 1500 پێشمەرگە له‌ شه‌ڕی دژی داعش گیانیان لەدەستداوە


لە ماوەى 9 مانگى رابردوودا و لە شەڕى نێوان هێزى پێشمەرگە و چەکدارەکانى داعش، هه‌تا ئێستا نزیکەى 1500 پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەو پێشمەرگانەى کە لەلایەن داعشەوە بەدیلى دەستگیرکراون.

مەحمود ساڵح وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هه‌تا ئێستا نزیکەى 1500 پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش لە شەڕى داعشدا شەهید بوون."

گیان لەدەستدانى ئەو 1500 پێشمەرگە ، لە کاتێکدایە ژمارەیەکى زۆر پێشمەرگە و کارمەندى پۆلیس و ئاسایش برینداربوون و ژمارەیەکیان بەهۆى سەختى برینەکانیان رەوانەى وڵاتانى دەرەوە کراون بۆ چارەسەرکردن.

کەسوکارى ئەو پێشمەرگانەى لەسەر دەستى داعش "شەهید" کراون تا ئێستا موچەى شەهیدانەیان بۆ نەبڕدراوەتەوە، بەڵکو هاوشێوەى پێشمەرگەى زیندوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هه‌تا ئێستا وەزارەتى پێشمەرگە موچەى مانگانەیان پێدەدات.

وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دەڵێت"تا ئێستا پێشمەرگە شەهیدەکان ناویان لە وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان تۆمار نەکراوە و وەزارەتى پێشمەرگە موچە بە کەس و کارەکانیان دەدات."

هەرچەندە پێشتر هەندێک کەناڵى راگەیاندن بڵاویانکردەوە کە وەزارەتى پێشمەرگە ناوى خۆکوژێکى داعشی وەکو شەهید تۆمار کردووە، بەڵام وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى هەرێم بە توندى ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG