Accessibility links

پێویسته‌ کوشتن و به‌ بارمته‌گرتنی ڕۆژنامه‌وانان بکرێنه‌ تاوانی جه‌نگ


گاری پغویت
گاری پغویت

سه‌رۆکی ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس داوا ده‌کات گۆڕانکاری له‌ یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا بکرێت به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ڕۆژنامه‌وانانه‌وه‌ هه‌یه‌.

(گاری پغویت)داوا ده‌کات کوشتنی ڕۆژنامه‌وان و به‌ بارمته‌ گرتنی ڕۆژنامه‌وانیش به‌ تاوانی جه‌نگ دابنرێن و ده‌شڵێت کڵێشه‌ و شێوازێکی نوێ پێویسته‌ بۆ پاراستنی ڕۆژنامه‌وانان هاوکاتی ڕووماڵکردنی قه‌یران و ڕووداوه‌کان که‌ تیایدا هه‌روادێ و زیاتر ده‌بنه‌ ئامانجی ڕێکخراوه‌ توندڕه‌وه‌کان.

به‌ڕێز پغویت ده‌ڵێت " پێشتر کاتێک میدیاکاران له‌سه‌ر جلو به‌رگه‌کانیان یانیش له‌سه‌ر ماشێنه‌کان ده‌یاننوسی (میدیا- پرێس) تا ئه‌ندازه‌یه‌ک پارێزراو ده‌بوون چونکه‌ په‌یامنێره‌کان وه‌ک که‌سی سه‌ربه‌خۆی سیڤیڵ لێیان ده‌ڕوانرا که‌ به‌سه‌رهاته‌کانی ناو قه‌یرانه‌کانیان ده‌گواسته‌وه‌."

سه‌رۆکی ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت به‌ڵام ئێستا هه‌بوونی ئه‌و نیشانانه‌ی ئاماژه‌ن به‌ کاری میدیا، پێده‌چێت زیاتر بیانکاته‌ ئامانج و نیشانه‌.

ئه‌م لێدوانانه‌ی (گاری پغویت) له‌ میانه‌ی وتاره‌که‌یدا بوو له‌ ڕێکخراوی په‌یامنێرانی بیانی هۆنگ کۆنگ.

ساڵی پار2014 ساڵیکی خوێناوی بوو بۆ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس.

چوار ڕۆژنامه‌وانی ئاژانسه‌که‌ کوژراون له‌ کاتێکدا له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیاندا بوون.

له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا 61 ڕۆژنامه‌وان هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا کوژراون.

له‌ ساڵی 1992 ه‌وه‌ تا کۆتایی ساڵی 2014زیاتر له‌ یه‌ک هه‌زار ڕۆژنامه‌وان کوژراون، به‌پێی ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی پاراستنی ڕۆژنامه‌وانان.

(گاری پغویت) ده‌ڵێت ئه‌م یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی ئێستا هه‌ن پێویسته‌ نۆژه‌ن بکرێنه‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی ڕۆژنامه‌واناندا و پێشنیازی داڕشتنی یاسا و ڕێسایه‌کی نوێ ده‌کات له‌ په‌یماننامه‌کانی ژنێڤدا تا کوشتنی ڕۆژنامه‌وانان بکرێته‌ تاوانێکی دیاریکراوی جه‌نگ، هه‌روه‌ها پێشنیازی زیادکردنی ژماره‌یه‌ک به‌ندیشی کردووه‌ بۆ یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی تاوان (به‌شی تاوانه‌کانی جه‌نگ) تا تایبه‌ت بن به‌ دۆسێکانی ڕۆژنامه‌وانان.

له‌ ده‌مێکیشدا دانیش ده‌نێت به‌وه‌ی مه‌رج نییه‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ش ببنه‌ مایه‌ی ڕێگه‌گرتن له‌ کوژرانی ڕۆژنامه‌وانان .

(گاری پغویت) ده‌ڵێت ڕۆژنامه‌وانان شایسته‌ی ئه‌م جۆره‌ پاراستنه‌ن هاوکاتی گۆڕانه‌کان له‌ سروشتی شه‌ڕه‌کاندا.

هه‌روادێ و ڕۆژنامه‌وانان زیاتر ده‌بنه‌ ئامانج و نیشانه‌ بۆ ڕێکخراوه‌ توندڕه‌وه‌کان چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕێکخراوانه‌ پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ میدیا په‌یامه‌کانیان بۆ بگوێزێته‌وه‌ به‌ڵکو خۆیان تۆڕه‌کانی سۆشیال میدیا به‌کارده‌هێنن.

سه‌رۆکی ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت " ئه‌و ڕێکخراوانه‌ پێویستیان به‌ ئێمه‌ نییه‌، ئێمه‌یان ناوێت، ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌ شێوازی خۆیان ڕووداوه‌کانیان بگوێزنه‌وه له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی هیچ شتێک له‌ نێوانیدا نه‌بێت، لێره‌داوه‌ک فلته‌رێک له‌ ڕۆژنامه‌وان و کاری ڕۆژنامه‌وانی ده‌ڕوانن که‌ نایانه‌وێت له‌ شوێنی ڕووداوه‌کان بن."

به‌ڕێز پغویت ده‌ڵێت هه‌رچۆنێک بێت جیهان پێویستی پێمانه‌، پێویستی پێمانه‌ تا ڕاستیه‌کان بزانرێن و ڕووداوه‌کان وه‌ک خۆی به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیانه‌وه‌ بزانن و ده‌شڵێت ئێستا توندڕه‌وان زیاتر ڕۆژنامه‌وانان ده‌کوژن تا سه‌رنجی زیاتر به‌لای خۆیاندا ڕابکێشن.

(گاری پغویت) ده‌ڵێت کرده‌یه‌کی سه‌ربڕین بۆته‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنێکی خوێناوی.

ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس و ژماره‌یه‌کی تری ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ هه‌نگاویان ناوه‌ بۆ پاراستنی ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد، واته‌ ئه‌وانه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان و پشتیوانییان نییه‌ هاوشێوه‌ی ڕۆژنامه‌وانانی سه‌ر به‌ ئاژانسه‌کانن.

له‌ مانگی ڕابردوودا چه‌ندان ڕێنومایی بۆ ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد دابین کردووه‌ و داواشیان کردووه‌ به‌ هه‌مان شێوازی سه‌روسه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانانی ئاژانسه‌کاندا ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بکرێت.

XS
SM
MD
LG