Accessibility links

وڵاتانی عه‌ره‌ب: هێرشه‌کان بۆسه‌ر حوثیه‌کان له‌ یه‌مه‌ن به‌رده‌وام ده‌بن

  • VOA News

ڕێبه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێن هێرشه‌ ئاسمانیه‌کانی به‌ سه‌رکردایه‌تی شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ یه‌مه‌ن دژی سه‌رهه‌ڵداوانی حوثی که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی ده‌کات تا ئه‌و کاته‌ی حوثیه‌کان له‌و ناوچانه‌ی له‌ وڵاته‌که‌دا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌، ده‌کشێنه‌وه‌ و خۆیان ده‌ده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی ڕێبه‌رانی عه‌ره‌ب له‌ کۆتایی کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌یی وڵاتانی عه‌ره‌بدا بووه‌ که‌ له‌ شه‌رم ئه‌لشێخی وڵاتی میسر کرا.

نه‌بیل ئه‌لعه‌ره‌بی، سکرتێری گشتی کۆمکاری عه‌ره‌ب ده‌ڵێت ده‌بێت حکومه‌تی ڕه‌وای یه‌مه‌ن به‌ سه‌رۆکایه‌تی عه‌بد ڕه‌بۆ مه‌نسور ڕێبه‌رایه‌تی وڵاته‌که‌ بکات و بچێته‌وه‌ جێی خۆی.

ئه‌لعه‌ره‌بی ده‌ڵێت ده‌بێت هه‌نگاوی پێویست بگیرێنه‌ به‌ر بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی حوثیه‌کان.

عه‌بد ڕه‌بۆ مه‌نسور هادی، سه‌رۆکی یه‌مه‌ن له‌ وتاره‌که‌یدا له‌و کۆبوونه‌وه‌ لوتکه‌ییه‌دا ئیدانه‌ی شیعه‌ دژه‌به‌ره‌کانی کرد که‌ زۆربه‌یان له‌ حوثیه‌کانن و به‌ دارده‌ستی ئێران ناودێری کردن.

کۆماری ئیسلامی ئێران نکوڵی ده‌کات و ده‌ڵێت نه‌ دارایی دابین کردووه‌ و نه‌ مه‌شق و ڕاهێنانی به‌ هێزه‌کانی شیعه‌کان کردووه‌ له‌ یه‌مه‌ندا.

به‌شداربووان له‌م کۆبوونه‌وه‌ لوتکه‌ییه‌دا ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر پێکهێنانی هێزێکی هاوبه‌شی له‌شکری عه‌ره‌بی به‌ مه‌به‌ستی سه‌ر و سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌ ئاسایشیه‌کانی ناوچه‌که‌دا.

وه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌کرێت شێواز و پێکهێنانی ئه‌و هێزه‌ چه‌ند مانگێک بخایه‌نێت.

هاوکات هاوپه‌یمانێتی به‌ سه‌رکردایه‌تی شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ئه‌مڕۆش یه‌کشه‌ممه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ هێرشه‌ ئاسمانیه‌کان بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حوثیه‌کان.

هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت کۆنترۆڵی ته‌واوی سنوری ئاسمانی یه‌مه‌نی کردووه‌ پاش تێکشکاندنی ته‌واوی بنکه‌کانی دژه‌ ئاسمانی له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوثیه‌کان له‌ عه‌ده‌ن و سه‌نعا.

XS
SM
MD
LG