Accessibility links

سەرایا سەلام و عەسایب ئەهلولحەق‌ى شیعى لە تکریت ده‌کشێنه‌وه‌


سەرایا سەلامى سەربە موقتەدا سەدر و هێزەکانى عەسایب ئەهلولحەق لە شارى تکریت کشانەوە، ئەمەش وەکو دەربڕینى ناڕەزایەتى لە بەرامبەر هاتنە سەر خەتى هێزەکانى هاوپەیمانان و بەشداریکردنیان لە شەڕى تکریتدا لە رێگەى فڕۆکە جەنگیەکانیانەوە.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" هێزەکانى سەرایا سەلامى سەربە موقتەدا سەدر لە تکریت کشاونەتەوە ، چونکە ئەوان دژى هاتنە سەر خەتى هێزەکانى هاوپەیمانن."

ناوبراو دەڵێت"بۆمبارانکردنى شارى تکریت بەردەوامە و لە هەندێک جێگە سوپا لە رێگەى فڕۆکەوە دابەزیووەتە ناو شارى تکریت."

هاتنە سەر خەتى هاوپەیمانان و کشانەوەى چەکدارە شیعەکان، کۆنترۆڵکردنى شارى تکریت ئاسانتر دەکات و وادەکات سونەکان پشتگیرى داعش نەکەن ، چونکە چەکدارە شیعەکان لە ناوچەى ئەلبوعەجیلى نزیک تکریت پرۆسەى سوتاندنى ماڵان و ڕفاندنى سونە مەزهەبەکانیان دەستپێکردبوو.

دکتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، دەڵێت"لەگەڵ سەرایا سەلام دا ، چەکدارەکانى عەسایب ئەهلولحەقى شیعیش لە تکریت کشاونەتەوە."

ناوبراو دەڵێت"خەڵکى تکریت لەوە دەترسان بە رۆیشتنى میلیشیا شیعەکان بۆ ناو شارەکەیان، سیناریۆى ئەلبوعەجیل دووبارە ببێتەوە، کە میلیشیاکان خەڵکیان رفاندووە و ماڵیان سوتاندوون."

هاوکات محەمەد سوور دووشیوانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشتر چەکدارە شیعەکان بە پاڵپشتى ئێرانیەکان ویستیان تکریت لە ژێر کۆنترۆڵى داعش دەربهێنن، بەڵام شکستیان هێنا."

دوو شیوانى، دەڵێت"هاتنە سەر خەتى هاوپەیمانان شەڕى تکریت یەکلایى دەکاتەوە."

هاتنە سەر خەتى هێزەکانى هاوپەیمانان لە رێگەى وەشاندنى گورزى ئاسمانیەوە لە چەکدارەکانى داعش لە ناو شارى تکریتدا ، لە کاتێکدایە ماوەى چەند هەفتەیەکە بە هەزاران چەکدارى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق بە هاوکارى فەرماندە ئێرانیەکان لە هێرشدان بۆ سەر ئەو شارە بەڵام شەڕەکەیان پێ یەکلایى نەکرایەوە.

XS
SM
MD
LG