Accessibility links

به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د : کراوه‌ین بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا

  • VOA News

به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا کراوه‌یه‌ بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵێت به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی ئه‌و دیالۆگه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتنی هاوبه‌ش بێت.

له‌ میانه‌ی دیمانه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وان چارلی ڕۆس بۆ به‌رنامه‌ی 60 خوله‌ک له‌ که‌ناڵی (سی بی ئێس) سه‌رۆکی سوریا ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی خۆیی نیشان داوه‌.

به‌شێکی که‌می به‌رنامه‌که‌ دره‌نگانێکی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د ده‌ڵێت هه‌موو دیالۆگێک بارێکی پۆزه‌تیڤانه‌یه‌ و ئێمه‌ش کراوه ده‌بین بۆ هه‌ر دیالۆگێک بێت و له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌کیشدا بێت به‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاشه‌وه‌.

سه‌رۆکی سوریا ده‌ڵێت تا ئێستا هیچ وتووێژێکی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ واشنتۆندا له‌ ئارادا نییه‌.

ئه‌م لێدوانانه‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د دوابه‌دوای راگه‌یاندنه‌کانی جان کیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا گوتبووی له‌ کۆتاییدا ده‌بێت ئه‌مریکا وتووێژ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریادا بکات به‌مه‌ستی یارمه‌تیدان بۆ کۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی ناوخۆی وڵاته‌که‌.

پاش ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ی سه‌رۆک ئۆباما هه‌ڵوێستی خۆی دووباره‌ کرده‌وه‌ که‌ به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د هیچ ڕۆڵێکی نابێت له‌ ئاینده‌ی سوریادا.

واشنتۆن ده‌مێکه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ریه‌کی سیاسیانه‌ی وتوویژ له‌سه‌رکراو ده‌دات بۆ قه‌یرانی سوریا، که‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 220 هه‌زار که‌سی تیادا کوژراوه‌ و یه‌ک ملیۆن که‌سیش بریندارن.

له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵی پاردا بوو وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی حکومه‌تی سوریا و ئۆپزسیۆنی وڵاته‌که‌شی داوه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ردوو گه‌ڕی وتووێژه‌کاندا هیچ ئه‌نجامێک نه‌هاتنه‌ ئاراوه‌.

XS
SM
MD
LG