Accessibility links

له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: هه‌رێمی کوردستان له‌ نێوان گه‌نده‌ڵی و ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا

  • Balen Salih

گه‌نده‌ڵی ڕێگری سه‌ره‌کیه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌موو به‌ره‌وپێشچونه‌کاندا جا له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا بێت. ده‌گوترێت ئه‌گه‌ر خواست هه‌بێت ئه‌وا دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئایا له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌و خواسته‌یان هه‌یه‌؟

له‌مڕۆدا هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ به‌ره‌یه‌کی دوور و درێژدا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدایه‌، له‌ شه‌نگاله‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات تا ده‌گاته‌ لای خانه‌قین، مه‌ترسیه‌کان و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ش به‌ ئاشکرایی له‌ هه‌رێمه‌که‌دا دیارن و ده‌رکه‌وتوون.

مه‌سعود عه‌بدولخالق

مه‌سعود عه‌بدولخالق

زۆر جار له‌ لێدوان و نوسینه‌کاندا به‌رپرسانی هه‌رێم نکوڵی ناکه‌ن له‌ هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی و داواش ده‌که‌ن چاره‌سه‌ر بکرێت. لێره‌دا هێشتاش نازانرێت ئه‌و داوایه‌ له‌ کێ ده‌کرێت.

هه‌میشه‌ بیانوه‌کان زیاتر بوون له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ بنه‌بڕ کردن یان هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمه‌که‌دا و نوێترین بیانوش ئێستا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ن که‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ دوای خۆیدا هێناونی هه‌م له‌ هه‌رێم و هه‌میش له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌ڵام باس له‌وه‌ ناکرێت ئه‌ی له‌ ساڵانی پێشوودا ته‌گه‌ره‌ و گرفته‌کان چی ‌بوون؟

میوانی به‌رنامه‌:

مه‌سعود عه‌بدولخالق، شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی و سه‌رنوسه‌ری ماڵپه‌ڕی ستانده‌رد.
کامیان مایه‌ی مه‌ترسی زیاتره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی یان گه‌نده‌ڵی؟

زۆر ده‌مێکه‌ شاره‌زا و پسپۆڕانی سیاسی ده‌ڵێن پێویسته‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت، دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت به‌ نیشتیمانی بکرێن، چاره‌سه‌ری بابه‌تیانه‌ بۆ ته‌واوی قه‌یرانه‌کان بدۆزرێنه‌وه‌، ڕوونی و ئاشکرایی له‌ بڕیاره‌کاندا هه‌بن، ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ سیاسیه‌کان له‌ ناو دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تدا نه‌هێڵدرێن، داهاته‌کانی بازرگانی نه‌وت و بازرگانیه‌کانی تریش ئاشکرا بکرێن و به‌پێی یاسا دابه‌شکردنه‌وه‌ی ئه‌و داهاتانه‌ ڕێکبخرێنه‌وه‌ و وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ و چه‌ندان هه‌نگاوی تریش هه‌ن نه‌نرێن ئه‌وا ئاینده‌ی هه‌رێم ده‌که‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسیه‌کی ڕژده‌وه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی سەقامگیریی و ئاسایشی نیشتیمانی کوردستان په‌یوه‌سته‌ به‌ پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادیه‌ سیڤیڵیه‌کانه‌وه و به‌ نیشتیمانی کردنی هه‌موو دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت و ڕێگه‌ گرتن له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کان جا ئایا ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ به‌ به‌رنامه‌ بن یان نه‌بن.

به‌ر ته‌سک کردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌کان له‌به‌رده‌م ئاشکرا کردنی گه‌نده‌ڵیه‌کان و ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت به‌ پاساوی جۆراوجۆر، وه‌ک چاودێر ده‌ڵێن جێی نیگه‌رانیه‌کی زۆره‌ و ته‌واوی ئه‌زمونی هه‌رێم ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیارگه‌ل و گومانێکی زۆره‌وه.

په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 25 ی مانگی 3 له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمدا دوو په‌رله‌مانتار (مه‌ردان خدر – نازم که‌بیر) له‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌لاماری په‌رله‌مانتار (عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح) له‌ فراکسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ده‌ن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باس له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانی به‌رپرسانی ئاست به‌رزی هه‌رێمه‌که‌ ده‌کات.
ئه‌م په‌لامار دانه‌ له‌ پێناو پیرۆزیه‌کاندان یان بۆ بێده‌نگکردنی ناڕه‌زاییه‌کانه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی؟

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار وسه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له‌ به‌رنامه‌ی "له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا" یه‌:

XS
SM
MD
LG