Accessibility links

ڕاپـۆرتێـک سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕه‌که‌ی نێو په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق


ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ پـێش دەستپـێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، شەڕ لە نێوان هەردوو پەرلەمانتاری پارتی نازم کەبیر و مەردان خدر لەگەڵ پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمەساڵح دروست بوو. سەرۆکی پەرلەمانیش بڕیاری دا هەردوو پەرلەمانتار نازم کەبیر و مەردان خدر بەشداری دانیشتنی دوای نیوەڕۆی پەرلەمان نەکەن.

لەم بارەیەوە فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیە باسی شەڕەكەی كرد و گوتی ئیدانەی ئەم كارە خراپە دەكەین و كەلتوورێكی نادروست و ناجوانە لە هەرێمی كوردستاندا چونكە ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشیان كردووه‌تە سەر عەلی حەمە ساڵح و بە بۆكس لە ناوبراویان داوە، بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی دا بە بێ ئامادەبوونی مەردان خدر و نازم كەبیر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە لایەكی تر مەردان خدر یەكێكە لەو ئەندام پەرلەمانەی كە شەڕی لەگەڵ پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح لە نێو هۆڵی پەرلەمانی كوردستاندا كرد بەم شێوەیە بۆ دەنگی ئەمەریكا دووا كە پێی وایە عەلی حەمە ساڵح ڕۆژانە لە توڕی كۆمەڵایەتی فه‌یسبوک تەشهیر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەكات و ئێمەش پێمان راگەیاند كەوا ئیدی با بەس بێت تەشهێر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

ڕابۆن مەعرۆف سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند ئەم جۆرە هەڵویستەی هەردوو پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر پەرلەمانتار فراكسیۆنی گۆڕان عەلی حەمە ساڵح ئیدانە دەكەین چونكە عەلی حەمە ساڵح تەشهیری نەكردووە و گەر تەشهیریشی كردبێت ئەوا لە كوردستان دادگا هەیە و دەبێت بە یاسا مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت نەك هێرشی بەم شێوەیە كە بۆ سەر عەلی حەمە ساڵح كرا.

لای خوشیەوە نازم كەبیر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ناوبراو شەر و دەمەقاڵی لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح لە ناو هۆڵی پەرلەماندا كردووە پێی وایە هەر لایەنێك پیرۆزیەكانی خوی هەیە بویە ئێمەش رێگا نادەین هیچ كەسێك تەشهیر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بكات و عەلی حەمە ساڵحیش ئیهانەی بە پیرۆزیەكانی ئێمەوە كردووە و ئەوەی كە ئەمڕۆ روویدا لە ناو پەرلەمان لە ناكاو بووە .

هەریەكە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ هێرشکردنەكەی ئەمڕۆی هەردوو پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر پەرلەمانتاری گۆڕان ئیدانەدەکەن و پێیان وایە ئەوەی كە ئەمڕۆ روویدا دەستدرێژیە بۆسەر شکۆی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و بە توندی ئیدانەی ئەم دەستدرێژیە دەكەین .

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:29 0:00

XS
SM
MD
LG