Accessibility links

پارتە کوردیـیەکانى ئێران هەرێم تۆمەتبار دەکەن بەوەى لەسەر داواى ئێران لە بەرەکانى شەڕ دووری خستوونەتەوە


Peshmerga
Peshmerga

پارتە کوردیـیەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کە لە ئێستادا بارەگا سەرەکیـیەکانیان لە هەرێمى کوردستانە ، دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەى کە لەبەر خاترى وڵاتى ئێران هێزەکانیانى لە بەرەکانى شەڕى داعش دوور خستووەتەوە.

عەبدوڵا ئازەربار فەرماندەى هێزەکانى کۆمەڵەى شۆڕشگێرى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کاتێک شەڕى داعش دەستیپێکرد ئێمە هێزەکانمان بردووەتە میحوەرى کەرکوک بۆ شەڕى داعش ، بەڵام دواتر لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە داوامانلێکراوە هێزەکانمان بکێشینەوە."

عەبدوڵا ئازەربار ، پێیوایە هەرێم لەبەر خاترى وڵاتى ئێران هێزەکانیانى لە بەرەکانى شەڕى داعش دوور خستووەتەوە و ، دەڵێت"ئەوکات هێزەکانمان کێشایەوە ، بەڵام ئێستا جارێکى تر هێزەکانمان بردووەتەوە بۆ بەرەکانى شەڕ."

پارتە کوردیەکانى ئێران بارەگاکانیان لە ناوچەى کۆیەى سەر بە پارێزگاى هەولێر و ناوچەى زرگوێزى پارێزگاى سلێمانیە.

پارتى ژیانى ئازادى کوردستانى ئێران کە بەناردنى چەند سەد چەکدارێک بۆ میحوەرى گوێر بەشداربووە لەشەڕى داعشدا تا ئێستا هێزەکانیان نەکێشاوەتەوە ، بەڵام حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران دواى ئەوەى لەلایەن هەرێمەوە ئاگادارکرایەوە هێزەکانیان بەیەکجارى لەبەرەکانى شەڕ کێشایەوە.

هەروەها کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى شۆرشگێریش سەرەتا هێزەکانیان لەسەر داواى هەرێم کێشایەوە کە ژمارەیان 60 چەکدار بوو ، بەڵام لە ئێستادا جارێکى تر هێزەکانیان بۆ بەرەکانى شەڕ ناردووەتەوە.

محەمەد ساحێبى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ، نیگەرانى خۆى دەردەبرێت لە دوورخستنەوەى هێزەکانیان لەبەرەکانى شەڕ لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە و ، دەڵێت"ئاشکرایە هەرێم لەبەر خاترى چى لایەک ئێمەى لەبەرەکانى شەڕ دوور خستەوە ، بەڵام ئێمە نامانەوێت دەستوەردان لە کاروبارى هیچ پارچەیەکى کوردستاندا بکەین."

ئاگادارکردنەوەى پارتە کوردیەکانى ئێران لەلایەن هەرێمەوە بۆ دوور کەوتنەوە لەبەرەکانى شەڕ ، لەکاتێکدایە هێزەکانى ئێران لە هەندێک ناوچەوە بەتایبەت ناوچەى خورماتوو و جەلەولا سەعدیە بەشداربوون لەشەڕى دژ بە داعشدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:47 0:00

XS
SM
MD
LG