Accessibility links

سه‌رۆک وه‌زیری که‌نه‌دا داوا له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی ده‌کات مۆڵه‌تی لێدانی داعشی له‌ سوریا بۆ په‌سه‌ند بکات

  • VOA News

سه‌رۆک وه‌زیری که‌نه‌دا ده‌ڵێت وڵاته‌که‌ی به‌نیازه‌ ئه‌رکه‌ له‌شـکریـیه‌که‌ی له‌ دژی داعش له‌ عێراق درێژبکاته‌وه‌ و هه‌روه‌ها هێرشی ئاسمانیـیه‌کان له‌ دژی داعش سوریاش بگرێته‌وه‌.

ستیفن هارپه‌ر ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌مه‌ی بۆ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی خوازیاره‌ بۆ ماوه‌ی سـاڵێـک مۆڵه‌ته‌که‌ی بۆ نوێ بکرێته‌وه‌ که‌ له‌ 31 ی ئه‌م مانگه‌ کۆتایی به‌ مۆڵه‌ته‌که‌ی پـێشوو دێت.

سه‌باره‌ت به‌ سوریا، گوتی بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی له‌و وڵاته‌، داوای مۆڵه‌ت له‌ حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ناکات و ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ ڕاسته‌وخۆ کارده‌کات که‌ له‌م مانگانه‌ی دوایی هێرشی ئاسمانیـیان له‌ دژی داعش له‌ سوریا ئه‌نجامداوه‌.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت به‌ سانایی په‌رله‌مانی که‌نه‌دا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داواکه‌ی به‌ڕێز هارپه‌ر بدات، به‌و پـێیه‌ی پارتی کۆنه‌پارێزی سه‌رۆک وه‌زیر زۆرینه‌یه‌ له‌ په‌رله‌ماندا.

به‌مه‌ش که‌نه‌دا ده‌بێته‌ دووه‌م وڵاتی ناتۆ که‌ هێرشی ئاسمانی له‌ دژی داعش له‌ سوریا ئه‌نجام بدات. وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌کو ئیمارات و ئوردن و به‌حره‌ین و عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه‌ به‌شداری له‌ هێرشه‌ ئاسمانیـیه‌کانی دژی داعش له‌ سوریا ده‌که‌ن.

XS
SM
MD
LG