Accessibility links

بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، دەڵێت هەندێک لە چەکدارەکانى داعش لە حەویجە هەڵدێن و داعش هێزێکى زۆرى بیانى لە موسڵەوە بۆ قەزاى حەویجە گواستووەتەوە.

ئاسۆ مامەند کە هاوکات ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى یە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" لەناو قەزاى حەویجەدا جۆرێک لە پشێوى دروستبووە و هەندێک لەو چەکدارانەى داعش کە خەڵکى حەویجەن هەڵدێن، بۆیە داعش بە هێنانى هێزى بیانى جێگەکانیان پڕ دەکاتەوە."

ناوبراو دەڵێت" گواستنەوەى هێز بۆ حەویجە لەلایەن داعشەوە بۆ پاراستنى ئەو ناوچەیەیە، بەڵام ئەگەر پـێشیان بکرێت هێرش دەست پـێدەکەنەوە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، ئەو چەکدارانەى داعش کە لەناو قەزاى حەویجەدا جێگیرکراون سەرجەمیان چەکدارى نەناسراون و ئەو چەکدارانەش کە خەڵکى قەزاى حەویجەن داعش گواستوونیەتەوە بۆ ناوچەکانى تر.

بەپێى وتەى ئاسۆ مامەند ، ژمارەیەک چەکدارى داعشى خەڵکى ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک ئامادەیى خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەى خۆیان رادەستى پـێشمەرگە بکەن.

دروستبوونى پشێوى لە قەزاى حەویجە ، لە کاتێکدایە کەس و کارى ئەو پێشمەرگانەى لاى داعش بە دیلیگیران هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە لە خەڵکى ئەو قەزایە دەکەن، بەو پێـیەى ئەوان هاوکارى داعشیان کردووە.

ئاسۆ مامەند ، جەختیکردەوە" تۆڵەى ئەو سێ پێشمەرگەیەى کە داعش سەرى بڕین لەو خەڵکانە دەکەنەوە کە تاوانیان ئەنجامداوە یان هاوکارى داعشیان کردووە ، چونکە داعش پێشمەرگەکانى بە شێوەیەکى دڕندانە شەهید کردووە."

دروستبوونى پشێوى لە قەزاى حەویجە لە کاتێکدایە داعش بەهۆى لاواز بوونیەوە خەریکە کۆنترۆڵى ناوچەکە لە دەست دەدات و دانیشتوانى ئەو قەزایەش کە بە هاوکاریکردنى داعش تۆمەتبار دەکرێن لەلایەک ترسیان لە چەکدارە شیعەکان هەیە کوشت و بڕیان بکات و لە لایه‌کی تریش لە تۆڵەکردنەوەى کوردیش دەترسن بەو پێیەى بەشێکیان شانبەشانى داعش شەڕى پـێشمەرگەیان کردووە.

XS
SM
MD
LG