Accessibility links

گوندى بەشیر بووەتە گرێ بۆ چەکدارە شیعەکان و هه‌تا ئێستا کۆنترۆڵیان نەکردووە


هێزەکانى حەشدى شەعبى کە ژمارەیان نزیکەى چوار هەزار چەکدارە ، هه‌تا ئێستا نەیانتوانیوە گوندى بەشیر لە باشورى کەرکوک لە ژێر کۆنترۆڵى چەکدارەکانى داعش دەربهێنن، ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکیش دەڵێت" گوندى بەشیر بووەتە گرێ بۆ چەکدارە شیعەکان."

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى شیعى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەشێک لە گوندى بەشیر لەلایەن حەشدى شەعبیـیەوە کۆنترۆڵکراوە ، بەڵام بەشێکى ئەو گوندە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە."

گوندى بەشیر، دەکەوێتە باشورى کەرکوک و دانیشتوانەکەى تورکمانى شیعە مەزهەبن ، لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵى داعشدایە و چەکدارە شیعەکان هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو گوندە.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گوندى بەشیر ناوچەیەکى ستراتیژى و گرنگ نیـیە ، بەڵام بۆ چەکدارە شیعەکان بووەتە گرێ و دەیانەوێت کۆنترۆڵى بکەن."

ناوبراو دەڵێت"چەکدارە شیعەکان هه‌تا ئێستا چەندین جار هێرشیانکردووەتە سەر بەشیر و نزیکەى 50 کوژراو و 120 برینداریان داوە ، بۆیە دەیانەوێت هەرچۆنێـک دەبێت گوندەکە لەژێر کۆنترۆڵى داعش دەربهێنن."

هاوکات ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هێزەکانى پێشمەرگە لە قۆڵى داقوق‌ى باشورى کەرکوکەوە ، هێرشیان بۆ سەر چەند گوندێک دەستپێکرد ، بەڵام بەهۆى بەرگرى چەکدارەکانى داعشەوە نەیانتوانى ئەو گوندانە کۆنترۆڵ بکەن.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزا و ناحیەکانى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناو گوندەکانى عوزیریە و عەتشانە نەگیراون، بەڵام دەوروبەرى گوندەکان لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراون."

بەرگریکردنى داعش لە گوندەکانى خۆرئاوا و باشورى کەرکوک ، لە کاتێکدایە داعش هێزێکى زۆرى لە ناو قەزاى حەویجە جێگیرکردووە.

XS
SM
MD
LG