وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا جان کیری ده‌ڵێت ده‌که‌وێته سه‌ر تاران که به جیهانی نیشان بدات و بیسه‌لمێنێت که به‌رنامه‌ی ناو‌کی ئێران به‌ته‌واوه‌تی ئاشتیانه‌یه.
کێری ئه‌م قسانه‌ی ڕۆژی شه‌ممه له پاریس کرد له میانه‌ی لێدوانێکی هاوبه‌شیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا لۆرانت فابیۆس بۆ ڕۆژنامه‌وانان.
هه‌روه‌کو پێشتریش ڕایگه‌یاندووه ، کیری گوتی پێشوه‌چوون له وتووێژه‌کانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان له سه‌ر به‌رنامه‌ی ناو‌کی هاتۆته ئاراوه، به‌ڵام هه‌ندێ بۆشایی ماون. وتووێژه‌کانی کۆمه‌ڵی 1+5 له‌گه‌ڵ ئێران به‌و هیوایه‌یه که کڵێشه‌ی ڕێککه‌وتنێک دابمه‌زرێت تا کۆتایی ئه‌م مانگه و تا 30 مانگی 6 یش بگه‌ن به ڕێککه‌وتنێکی هه‌میشه‌یی که جێگای ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولا بێت.
جان کیری ده‌ڵێت چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی زۆر گرنگ له پێشماندایه. هه‌مومان ده‌زانین ڕۆژه‌کان نزیک ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ئێمه په‌له په‌ل ناکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕێککه‌وتنێک مۆر بکه‌ین. ده‌بێت بگه‌ین به ڕێککه‌وتنێکی ڕاسته‌قینه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاند وتووێژکه‌ران ده‌بێت ڕێککه‌وتنێکی ڕژد بکه‌ن که ئاسایشی هه‌رێمی دابین بکات. فابیۆسیش کۆک بوو له‌گه‌ڵ کیری که کاری زیاتر ماوه بکرێت تا له‌م مانگه‌دا ڕێککه‌وتن بکه‌ن.
بڕیاره نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌کی تر جان کیری له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف کۆببێته‌وه.