Accessibility links

داعش لە شارى رققەى سوریا و موسڵەوە هێز ڕەوانەى تکریت دەکات


چەکدارەکانى حەشدى شەعبى خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر قەزاى حەویجەى خۆرئاواى کەرکوک ئامادە دەکەن ، لە کاتێکدا شەڕى قورس لە دەوروبەرى شارى تکریت بەردەوامە و داعش لە شارى رققەى سوریا و موسڵەوە هێز بۆ ئەو شارە ڕەوانە دەکات.

نەجات حسێن سەرکردەى باڵاى حەشدى شەعبى لە کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەستپێکردنى هەڵمەتى سەربازى بۆ سەر چەکدارەکانى داعش لە قەزاى حەویجە نزیکبووەتەوە".

ناوبراو دەڵێت" دواى کۆتایى هاتنى پرۆسەى رزگارکردنى تکریت، هێرشى سەربازى بۆ بۆ سەر قەزاى حەویجە دەستپێدەکات."

لە ئێستادا نزیکەى 4 هەزار حەشدى شەعبى لە قەزا و ناحیەکانى سەر بە پارێزگاى کەرکوک جێگیرکراون ، کە سەرجەم چەکدارەکانیان دانیشتووى پارێزگاى کەرکوکن و 3 رۆژ لەمەوبەریش هێزێکى 100 کەسى حەشدى شەعبى لە ناحیەى لەیلانى نزیک کەرکوک جێگیرکراون.

نەجات حسێن، دەڵێت"ناحیەى لەیلان 9 کیلۆمەتر لە سەنگەرەکانى ناحیەى تازەوە دوورە ، ئەو هێزە هێزى یەدەکن و لە حاڵەتى هێرشى داعش دا بۆ سەر سەنگەرەکانى تازە ، ئەو هێزە بۆ بەهاناوەچوونیان ئامادەکراون."

ئامادەکردنی چەکدارەکانى حەشدى شەعبى بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش لە قۆڵى کەرکوک، لە کاتێکدایە شەڕى قورس لە دەوروبەرى شارى تکریت بەردەوامى هەیە و تا ئێستا چەکدارەکانى حەشدى شەعبى نەڕۆیشتوونەتە نێو شارى تکریتەوە.

شاخەوان کەرکوکى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لەپەرلەمانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش هێزێکى زۆرى لە شارى رقەى سوریاوە رەوانەى تکریت کردووە و پێدەچێت شەڕى قورس لەو ناوچەیە رووبدات."

ناوبراو دەڵێت"حەشدى شەعبى نایانەوێت بچنە نێو شارى تکریتەوە چونکە تووشى زیانى گەورە دەبن، دەیانەوێت پێشوەخت پلانى تۆکمە بۆ چوونە نێو شارەکە دابنێن."

هاوکات ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزێکى داعش لە حەویجەوە بەرەو تکریت رۆیشتوون لە رێگە لەلایەن فرۆکەوە کراونه‌ته‌ ئامانج."

ئامادەکردنی چەکدارەکانى حەشدى شەعبى لە سنوورى ناحیەى تازە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش ، لە کاتێکدایە مەترسى ئەوە لە ئارادایە داعش لەو ناوچەیەوە هێرش دەستپێبکات بە مەبەستى فراوانکردنى شەڕەکە و کەمکردنەوەى فشارەکان لەسەر چەکدارەکانیان لە ناو شارى تکریت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:56 0:00

XS
SM
MD
LG