Accessibility links

تکریت: داعش لە رێگەى بۆمبى چێنراو و چەکدارى قەناس بەدەستەوە رووبەرووى هێرشەکان دەبێتەوە


لە دەوروبەرى شارى تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەڵاحەدین شەڕ لە نێوان داعش لەلایەک و حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق لەلاکەى تر بەردەوامە و زۆرى ژمارەى بۆمبە چێنراوەکانى داعش رێگرە لە بەردەم پێشڕەویکردنى حەشدى شەعبى بەرەو ناو تکریت.

مەلا حەسەن دووزى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى لە هێرشى بەرده‌وامدان بۆ سەر ناوچەکانى دەوروبەرى شارى تکریت، بەڵام هێشتا نەڕۆیشتوونەتە نێو شارەکەوە."

ناوبراو دەڵێت"زۆرى ژمارەى بۆمبە چێنراوەکان و زۆرى ژمارەى قەناس بەدەستەکانى داعش، وایانکردووە پێشڕەویـیەکانى حەشدى شەعبى و سوپا لەسەر خۆ بن."

چەکدارەکانى داعش جگە لە قەزاى دۆر کە تێیدا ماونەتەوە و لە رێگەى قەناس بەدەستەکانیانەوە بە توندى ڕووبەڕووى سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى بوونەتەوە، زۆربەى گوند و ناوچەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو ناو سەنتەرى شارى تکریت کشاونەتەوە.

سەعد مەعه‌ن وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى عێراق ، رایگەیاند"سوپا و حەشدى شەعبى 97 قەزا و ناحیە و گوندیان لە دەوروبەرى شارى تکریت کۆنترۆڵکردووە."

هاوکات نەجات حسێن سەرکردەى باڵاى حەشدى شەعبى ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش بۆ بەرگرتن بە هێرشەکانى سوپا و حەشدى شەعبى ، پشتیان بە بۆمبى چێنراو بەستووە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکان بە پێى پلانەکان بەڕێوەدەچن."

ناوبراو دەڵێت"حەشدى شەعبى لە دوو جێگەوە لە ناو شارى تکریت نزیکبوونەتەوە، بەڵام دەیانەوێت پلانەکان بە لە سەرخۆیى جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەى چەکدارەکانى داعش لە شارەکەدا لەناو ببەن، هەرچەندە لە ئێستادا بەشێکى زۆریان هەڵاتوون ."

کۆکردنەوەى ژمارەیەکى زۆر سەرباز و چەکدارى حەشدى شەعبى و بەکارهێنانیان لە هێرشکردنە سەر شارى تکریت ، لە کاتێکدایە بەشێک لە فەرماندە سەربازیەکانى ئێران سەرپەرشتى هێرشەکانى حەشدى شەعبى دەکەن کە قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسیان لە نێودایە.

XS
SM
MD
LG