Accessibility links

سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى بە چڕى بۆردومانى ناو شارى تکریت دەکەن


حکومەتى عێراق بە چڕى بۆردومانى ناو شارى تکریت و ناوچەکانى دەوروبەرى دەستپێکردووە و هێزێکى زۆرى سوپا و حەشدى شەعبى و عەشیرەتە عەرەبەکانى کۆکردووەتەوە و دەستپێکردنى هێرشى بەربڵاو بۆ ناو شارى تکریت لەئان و ساتدایە.

دکتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزێکى زۆر لە خوارووى عێراق و بەغداوە هێنراوە و لە دەوروبەرى تکریت کۆکراونەتەوە، هەروەها عەشیرەتە عەرەبەکانیش ژمارەیەکى زۆر چەکداریان کۆکردووەتەوە و چاوەروانى فەرمانى بەغدان بۆ هێرشکردنە سەر شارى تکریت."

ناوبراو دەڵێت" لە ئێستادا سوپا و حەشدى شەعبى بەچڕى بۆردومانى شارى تکریتیان دەستپێکردووە."

هاوکات لەگەڵ بۆردومانکردنى ناو شارى تکریتدا، هێزەکانى سوپا لە باشورى رۆژئاواوە و حەشدى شەعبیش لە باشورى رۆژهەڵاتەوە لە ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنى هێرش بۆ سەر چەکدارەکانى داعش لە ناو تکریتدا.

مەلا حەسەن دووزى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى هێرشەکانیان بە ئاڕاستەى رۆژهەڵاتى تکریت و بەرەو ناوچەکانى دۆر و عەلەم دەستپێدەکەن، چونکە دەیانەوێت گەمارۆى داعش بدەن لە نێو تکریتدا."

ناوبراو دەڵێت"هێزەکانى عێراقى دەیانەوێت پێشوەخت ناوچەکانى دەوروبەرى تکریت لە داعش پاک بکەنەوە و دواتر شارى تکریت گەمارۆ بدەن ، بەمەش شارەکە لە ڕووى سەربازیەوە کۆتایى دێت."

چاوەڕوان دەکرێت لە ناو شارى تکریتدا شەڕێکى قورس لە نێوان داعش و حەشدى شەعبیدا ڕووبدات، بەو پێیەى چەکدارەکانى داعش بوارى دەرچوونیان نیـیە و ناوچەکەشیان بە تەواوەتى بۆمبڕێژکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:32 0:00

XS
SM
MD
LG